توركیا بەفەرمی لەسەر پەلاماردانی خێزانەكەی هەولێر دێتە دەنگ

کوردستان

14/05/2021     ژمارەی بینراو 1909

راچڵەكین –

پارێزگای مێرسین لە توركیا، راگەیەندراوێك لەبارەی پەلاماردانی خێزانێكی خەڵكی هەولێر بڵاودەكاتەوەو رایدەگەیەنێت، رووداوەكە رێكەوت بووەو سێ تۆمەتباریش دەستگیركراون، ئەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش بڵاوكراوەتەوە دوورن لە راستییەوە.

دوای ئەوەی دوێنێ پێجشەممە لە شارۆچكەی بۆزیازی سەر بە پارێزگای مێرسین، دوو ئۆتۆمبێل دووچاری رووداوی هاتوچۆی زیانبەخش بوونەوە و لە نێوانیاندا شەڕ روویدا، سێ كەس بەهۆی لێدان لە هاووڵاتییەكی شاری هەولێر دەستگیركران.

لە راگەیەندراوەكەی پارێزگای مێرسین هاتووە، خێزانی (م.م.ك) كە لە شاری هەولێرەوە بۆ گەشت بە ئۆتۆمبێل بەرەو شاری ئەنتاڵیا بەڕێكەوتبوون، لە ناوچەی گۆزسوزجە دووچاری رووداوی هاتوچۆ بوون، دوای رووداوەكەش دەمەقاڵە لەنێوان م.م.ك و سەرنشینانی ئۆتۆمبێلەكەی دیكە كە سێ كەس بوون روویداوە.

پارێزگای مێرسین ئاشكرایكردووە، پاش ئەوەی دەماقاڵەكە گۆڕاوە بۆ شەڕ، م.م.ك لەلایەن سێ كەسەكەوە لێیدرا و بە ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن رەوانەی نەخۆشخانەی حكوومی ئانامور كرا.

ئاماژە بەوەشكراوە دوای ماوەیەكی كەم لە رووداوەكە، هێزە ئەمنییەكانی توركیا هەرسێ تۆمەتبارەكەیان دەستگیركردو دوای كۆتاییهاتنی رێكارە یاساییەكان رەوانەی دادگا كران و هاووڵاتییەكەی خەڵكی هەولێریش دوای وەرگرتنی چارەسەر، نەخۆشخانەی بەجێهێشت.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە: "ئەو دەنگۆیانەی لە هەندێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوكراونەتەوە، دەنگۆی بێ بنەمان و رووداوەكە بەتەواوی رێكەوت بووە".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن