خالید شوانی هەواڵێكی خۆش بە جوتیارانی كەركوك رادەگەیەنێت

کوردستان

17/05/2021     ژمارەی بینراو 376

راچڵەكین –

خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری دانوستان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ، رایگەیاند، وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق كاركردنی بەو بڕیارە راگرتووە كە لەورێگەیەوە زەوییە كشتوكاڵییەكانی كەركوكی بەسەر ئەو كەسانە دابەشدەكردەوە كە لەسەردەمی رژێمی پێشوو بەمەبەستی تەعریبكردنی كەركوك پێیان درابوو.

خالید شوانی رایگەیاندووە، بەدواداچوونەكانیان بەردەوام بوو بۆ چارەسەركردنی كێشەی گرێبەستە كشتوكاڵییەكانی كەركوك و بەمەبەستی راگرتنی بڕیارێكی فەرمانگەی زەوییە كشتوكاڵی و گرێبەستە كشتوكاڵییەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ، تایبەت بە هەڵكرتنی بڕیاری سڕكردنی ئەوە زەویانەی مەشمولن بە بڕیارەكانی ژمارە ٤ ی ساڵی ۲۰۰۷ و بڕیاری ژمارە ۲۹ ی ساڵی ۲۰۱۲ و مادەی ۱٤۰ی دەستور و سەرلەنۆی دابەشكرنەوەیان بەسەر ئەو كەسانەی لەسەردەمی رژێمی پێشوو بەمەبەستی تەعریبكردنی كەركوك پێیان درابوو.

ئاماژەی بەوەشكردووە، دوای كۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری كشتوكاڵی عیراق و ئاراستەكردنی نوسراوی فەرمی بۆ ئەم مەبەستە، وەزارەتی كشتوكاڵ بەنوسراوی ژمارە ۱۰۲۰ لە بەرواری ٢٠١٢/٥/٤ ئاگاداری كردینەوە كە كاركردن بەو بڕیارە راگیراوە تاكو كێشەی زەوییە كشتوكاڵییەكانی كەركوك بەشێوەیەكی بنەڕەتی لەلایەن لیژنەیەكی باڵاوە یەكلایی دەكرێتەوە.

وەزیری هەرێم بۆ كاروباری دانوستان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ، وەك مژدەیەك بە جوتیارانی كوردی كەركوك، رایگەیاندووە:" لەدوای ئەم بڕیارەوە، دائیرەی كشتوكاڵی كەركوك دەسەڵاتی ئەوەی نامێنێ زەوییەكانی كوردو توركمان بەسەر جوتیارانی تردا دابەش بكات".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن