كەناڵی KNN دەست بە پەخش دەكاتەوە

کوردستان

17/05/2021     ژمارەی بینراو 525

راچڵەكین –

دوای ماوەیەكی زۆر لە راگرتنی پەخشەكەی، دامەزراوەی میدیایی بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاریداوە لە چوارچێوەی رێكخستنەوەی میدیاكانیدا، رۆژی 19ی ئەم مانگەو لە چوارەمین ساڵیادی كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، پەخشی كەناڵی KNN بەشێوەیەكی ئەزموونی دەستپێبكاتەوە.

دامەزراوەكە لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ 17-5-2021، بڵاویكردووەتەوە، ئاماژەی بەوەكردووە لە هەنگاوی یەكەمدا كەناڵی KNN لەسەر سیستمی ناوخۆیی و لە رێگای كۆمپانیاكانی تایبەت بە پەخشی ناوخۆیی لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان، كەركوك و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لە هەنگاوی دووەمیشدا وەك كەناڵێكی ئاسمانی لەسەر مانگی دەستكرد پەخشی خۆی دەكات.

دامەزراوەی میدیایی بزوتنەوەی گۆڕان ئاشكراشیكردووە، كەناڵی KNN هاوشانی رادیۆی دەنگی گۆڕان و سایتی KNN، بە دیدێكی نوێی میدیایی و كاركردن لەسەر پرەنسیپە نەگۆڕەكانی بزوتنەوەی گۆڕان، كە نەوشیروان مستەفا رێكخەری كۆچكردووی گۆڕان بناغە داڕێژەرێتی؛ كار دەكات بۆ فراوانكردنی مەوداكانی ئازادی رادەربڕین و سەكۆیەك دەبێت بۆ گوزارشتكردنی هاونیشتمانیان لە دیدو بۆچونەكانەكانیان، لەپێناو پاڵپشتیكردنی دیدگاكانی جەماوەر بە ئاراستەی هەنگاونان بۆ چاكسازیی ریشەیی لە هەرێمی كوردستانی عیراق.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن