رووسیا لە پەیماننامەیەكی نێودەوڵەتی دەكشێتەوە

جیهان

07/06/2021     ژمارەی بینراو 239

راچڵەكین –

حكومەتی رووسیای فیدراڵ بڕیاریدا لە پەیماننامەی تایبەت بە ئاسمانی كراوە بكشێتەوە، كە لەنێوان 34 وڵاتی جیهان واژۆكراوە بەمەبەستی هاندانی رووسیا و ئەمریكا بۆ هێنانەدی شەفافییەت لە چالاكییە سەربازییەكاندا.

میدیاكانی رووسیا بڵاویانكردەوە، ئەمڕۆ 7-6-2021، ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی ئەو وڵاتە، واژۆی لەسەر یاسای كشانەوەی رووسیا لە پەیماننامەی تایبەت بە ئاسمانی كراوە كرد، بەمەش كۆتایی بە مانەوەی وڵاتەكەی لەناو ئەو پەیاماننامە نێودەوڵەتی هێنا، كە ساڵانێكە پێیەوە پابەند بووە.

بەپێی ئەو یاسایەی كە لە سیستمی زانیاری یاسایی دەوڵەتی رووسیای فیدراڵدا بڵاوكراوەتەوە، رووسیا لە پەیماننامەی ئاسمانی كراوە كشاوەتەوە، كە لە ٢٤ی ئاداری ١٩٩٢دا لە هێلسنكی پایتەختی فینلاند واژووكرا.

بڕیارەكەی رووسیا، وەك كاردانەوەیەك دێت بەرامبەر هەڵوێستەكەی ئەمریكا، كە لە ٢٢-١١-٢٠٢٠ بڕیاریدا لە پەیماننامەی ئاسمانی كراوە بكشێتەوە.

پەیماننامەی ئاسمانی كراوە، كە لەنێوان ٣٤ وڵاتی جیهاندا واژووكراوە، رێگە بە فڕینی فڕۆكەی پشكنینی بێ چەك دەدات بەمەبەستی هاندانی رووسیا و ئەمریكا بۆ هێنانەدی شەفافییەت لە چالاكییە سەربازییەكاندا، هەروەها كۆنترۆڵی چەك و ئاسانكاریكردن لە چاودێریكردنی پەیماننامەكانی دیكەدا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن