باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق: پێویستە سنوورێك بۆ گرووپە چەكدارەكان دابنرێت

عێراق

12/06/2021     ژمارەی بینراو 137

راچڵەكین-

باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق، جەختی لە پێویستی دانانی سنوورێك بۆ گرووپە چەكدارەكانی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت كردەوە.

ستیفن هیكی، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر خۆشحاڵی خۆی نیشانداوە بە سەردانیكردنی پێشانگای نێودەوڵەتیی كتێب لە بەغدا.

هیكی لەگەڵ تویتەكەیدا چەند وێنەیەكی خۆی و پێشانگاكەی بڵاوكردووەتەوە و نووسیوویەتی:"بەشدارییم لەو گفتوگۆیەدا كرد كە دەزگای بەها ئەلعلوم، سەبارەت بە سەروەریی عیراق ئەنجامیدا".

باڵیۆزی بەریتانیا جەختی لە پێویستی دانانی سنوورێك بۆ گرووپە چەكدارەكان لە عیراق كردەوە و نووسیوویەتی: "بۆ دەستەبەركردنی سەقامگیری و گەشەكردن كە شایستەی عیراقییەكانە، ئەو وڵاتە پێویستی بە دامەزراوەی بەهێزی دیموكراسی و دانانی سنوورێكە لەبەردەم ئەو گرووپە چەكدارانەی لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتدان".

رۆژی ١٠ی حوزەیران چالاكییەكانی ٢٢هەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی كتێب لە بەغدا دەستی پێكرد كە ماوەی ١٠ رۆژ دەخایەنێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن