٦٠٠ كەس لە قوربانیانی كۆمەڵكوژییەكەی بنكەی سپایكەر چارەنووسیان نادیارە

عێراق

12/06/2021     ژمارەی بینراو 235

                           
راچڵەكین-

سەركردەیەكی حەشدی شەعبی، رایگەیاند، تا ئێستا ٦٠٠ كەس لە قوربانیانی كۆمەڵكوژییەكەی بنكەی سپایكەر لە پارێزگای سەڵاحەددین باكووری عیراق، بێ سەروشوێنن و چارەنووسیان نادیارە.

موعین كازمی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا ووتی، لە كۆمەڵكوژییەكەی بنكەی سپایكەر لە پارێزگای سەڵاحەددین كە لە ١٢ی حوەزیرانی ٢٠١٤دا لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە ئەنجامدرا، دوو ھەزار عیراقی بوونە قوربانی كە زۆربەیان كارمەندی ئەمنی بوون : "دوای كۆنترۆڵكردنەوەی بنكەی سپایكەر لە ٢٠١٥دا، تەرمی ھەزار و ٢٠٠ كەس لە قوربانیانی كۆڵكوژییەكە دۆزرانەوە و جگە لەوەیش ھێشتا تەرمی ٢٠٠ كەسی دیكە لە بەشی پزیشكی دادوەریی دان و رادەستی كەسوكارەكانیان نەكراونەتەوە".

ئەو سەركردەیەی حەشدی شەعبی ئاشكراشیكردووە:" تا ئێستا ٦٠٠ كەس لە قوربانیانی كۆمەڵكوژییەكەی سپایكەر بێ سەروشوێنن و چارەنووسیان نادیارە و داواشی كردووە كە ئەنجامدەرانی كۆمەڵكوژییەكەی بنكەی سپایكەر بدرێن بە دادگا بۆ ئەوەی سزای توند بدرێن."

چەكدارانی داعش لە ھێرشەكانیان لە پارێزگای سەڵاحەددین لە ٢٠١٤دا، كۆمەڵكوژییەكیان لە بنكەی سپایكەر ئەنجامدا كە بە ھۆیەوە دوو ھەزار قوتابی و سەربازی عێراقی كوژران.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن