كازمی: بكوژانی خۆپیشاندەران دەستگیر دەكەین

عێراق

12/06/2021     ژمارەی بینراو 182

راچڵەكین-

سەرۆكوەزیرانی عیراق، رایگەیاند، ھێزە ئەمنییەكان بە جیددی ھەوڵەكانیان، بە ئامانجی دەستگیركردنی بكوژانی خۆپیشاندەران لە عیراق خستووەتەگەڕ.

نووسینگەی رۆژنامەوانای سەرۆكوەزیرانی عیراق بڵاویكردووەتەوە، مستەفا كازمی لە سەردانەكەی بۆ ناسرییە سەردانی خێزانی ئەنس مالیك-ی كردووە كە لە خۆپیشاندانەكانی ساڵی رابردووی ناسرییە كوژراوە و رایگەیاندووە:" ھێزە ئەمنییەكان بە جیددی ھەوڵەكانیان، بە ئامانجی دەستگیركردنی بكوژانی خۆپیشاندەران لە عێراق خستووەتەگەر."

كازمی رایگەیاندووە:"لە ماوەكانی رابردوودا، باندێكی بكوژمان كە ژمارەیەك چالاكوانیان لە پارێزگای بەسرە كوشتووە، دەستگیركردووە لە بەرئەوە، بە ھەر شێوەیەك بووە، بكوژانی خۆپیشاندەران لە عێراق دەستگیر دەكەین".

لە راگەیەنراوەكەدا باس لەوەشكراوە سەرۆكوەزیرانی عیراق، ئەوەشی وتووە: "ساڵانێكی زۆرە ناسرییە پەراوێزخراوبوو ھەر لەبەر ئەوەیە ئەمڕۆ دەبینین كە خەڵكی شارەكە بەدەستی كەمی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنێت، بەڵام ئێمە وەك حكوومەت گرنگی زۆر بە شارەكە دەدەین و ئەمڕۆیش ژمارەیەك پڕۆژەی گرنگمان لە ناسرییە كردووە كە دەبنە مایەی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە ھاووڵاتییان".

ئەمڕۆ شەممە سەرۆكوەزیرانی عیراق، مستەفا كازمی بە یاوەری شاندێكی باڵا، گەیشتە شاری ناسرییە سەنتەری پارێزگای زیقار باشووری عیراق.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن