سزادراوانی بادینان چاویان بەكەسوكاریان كەوت

کوردستان

13/06/2021     ژمارەی بینراو 343

راچڵەكین-

یەكێك لەپارێزەرانی خۆشەبەخشی  سزاداراوانی بادینان رایگەیاند، سزادراوانی بادینان بۆ یەكەمینجار پاش دادگاییكردنیان، لە بەندینخانە چاویان بەكەسوكاریان كەوت. وتیشی:" بارودۆخیان بەراورد بەرابردوو گۆڕانكاری ئەرێنی بەخۆوە بینیوە."

بەشدار حەسەن، پارێزەری خۆبەخشی سزادراوانی بادینان بە( راچڵەكین)ی رایگەیاند:" دوای هەوڵێكی زۆری ژمارەیەك پەلەمانتارو  دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ،  ئەمڕۆ كەسوكاری سزادراوانی بادینان، سەردانی رۆڵەكانیان كرد و هەر سزادراوێكیش ١٠ خولەك رێگەیان پێدرا كەسوكارەكانیان ببینن ".

وتیشی:" بەراورد بەرابردوو، بارودۆخی سزادراوان گۆڕانكاری ئەرێنی تێدا روویداوەو باشن."

رۆژی 16ی شوباتی 2021، دادگای تاوانەكان هەولێر بەتاوانی "سیخوڕیكردن" و "پیلانگێڕی بۆ ئەنجامدانی كاری تێكدەرانە و چالاكی دژ بە سەقامگیری و ئاسایشی نەتەوەیی"، بە پشتبەستن بە ماددەی 1 لە یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003ی پەرلەمانی كوردستان، سزای شەش ساڵ زیندانیكردنی بەسەر ژمارەیەك رۆژنامەنووس و چالاكوان ( شێروان شێروانی، ئەیاز كەرەم ، گوهدار زێباری ، شڤان سەعید و هاریوان عیسا) دا سەپاند.

رۆژی 4-5-ی 2021 دادگای پێداچوونەوەی هەولێر، بە دۆسیەی چالاكوانان و رۆژنامەنووسانی بادیناندا چووەوە و سزاكەی دادگای تاوانەكانی هەولێری پەسندكرد كە 6 ساڵ زیندانیكردنە بۆ هەر یەكێكیان.

پەسەندكردنی سزای چالاكوان و رۆژنامەنووسانی بادینان لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی هەولێر، كاردانەوەی ناوخۆیی و دەرەكی لێكەوتەوە.



داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن