عیراق ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەرزدەكاتەوە

ئابوری

13/06/2021     ژمارەی بینراو 193

راچڵەكین –

وەزارەتی نەوتی عیراق ئامادەكاری دەكات بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ پێنج ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا، وتەبێژی وەزارەتەكەش رایدەگەیەنێت، هەركاتێك ئۆپیك بڕیاریدا، هەناردەی نەوتی خاو بۆ بازاڕەكانی جیهان زیاد دەكەین.

عاسم جیهاد، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەئێستادا توانای بەرهەمهێنان لە كێڵگە نەوتییەكان دەگاتە پێنج ملیۆن لە رۆژێكدا، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆڕۆناو كەمبوونەوەی خواستی جیهانی و هەروەها بڕیاری رێكخراوی ئۆپیك بە كەمكردنەوەی بەرهەمهێنان، ئاستی بەرهەمهێنانمان لە دەوروبەری چوار ملیۆن بەرمیلی رۆژانەیە.

وتیشی:" هەركاتێك ئۆپیك بڕیاری زیادكردنی ئاستی بەرهەمهێنان بدات، ئەوا عیراق لەتوانیادا هەیە رۆژانە پێنج ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمبهێنێت و بڕی هەناردەكردنی بۆ بازاڕەكانی جیهان بەرزبكاتەوە".

بەگوێرەی ئامارەكانی وەزارەتی نەوتی عیراق، مانگی رابردوو نزیكەی چوار ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە بەرهەمهێنراوە، لەو بڕەش دوو ملیۆن و 899 هەزار بەرمیل هەناردە كراوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن