سەرۆكی نوێی حكومەتی ئیسرائیل: رێگە نادەین ئێران ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی

جیهان

13/06/2021     ژمارەی بینراو 290

راچڵەكین –

سەرۆكی كاندیدكراوی حكومەتی نوێی ئیسرائیل هەڕەشە لە ئێران دەكات و رایدەگەیەنێت كە بەهیچ جۆرێك رێگە نادەین ئەو وڵاتە ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی، دەشڵێت: پرۆسەی نیشتەجێكردنی جولەكە لەهەموو ناوچەكانی كەرتی رۆژئاوا درێژە پێدەدەین.

نەفتالی بینیت، كە چاوەڕوان دەكرێت ئەمڕۆ یەكشەممە لەلایەن كنێست-ەوە متمانەی پێبدرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی ئیسرائیل، لەیەكەم لێدوانیدا، روانگەی حكومەتەكەی خستەڕوو، كە بریتییە لە بەهێزكردنەوەی ئیسرائیل و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.

بینیت لە بەردەم كنێست-دا ووتی:" كاری لەپێشینەی حكومەتەكەم، بریتی دەبێت لە بەهێزكردنی زیاتری توانای هێرش و بەرگریی سوپا، لەبەر ئەوەی هەڕەشەی ئەمنی هێشتا بەردەوامەو نەوەستاوە".

راشیگەیاند، ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە پرۆسەی دروستكردنی كۆمەڵگەی نیشتەجێكردن لە سەرجەم ناوچەكانی كەرتی رۆژئاوا و بەهەموو شێوەیەكیش پاڵپشتی لێدەكات.

نەفتالی بینیت، كە توانی لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئیسرائیل، لەرێگەی دروستكردنی هاوپەیمانێتییەوە لەگەڵ حەوت پارتی دیكەی ئۆپۆزسیۆن، لە بنیامین ناتانیاهۆ بباتەوەو پۆستی سەرۆكی حكومەتی لێوەربگرێت، جەختی لەوەكردەوە كە وڵاتەكەی بەهیچ شێوەیەك رێگە نادات ئێران دەستی بە چەكی ئەتۆمی رابگات و ببێتە خاوەنی مووشەكی ئەتۆمی، وتیشی:" ئیسرائیل دژی دەستپێكردنەوەی وتووێژەكانی تایبەت بە رێككەوتنی ئەتۆمییە لەگەڵ ئێران".

سەرۆكی كانیدكراوی حكومەتی نوێی ئیسرائیل، هیواشی خواست ئاگربەست لەگەڵ حەماس بەردەوام بێت، هۆشداریشیدا ئەگەر چەكدارانی ئەو بزووتنەوەیە جارێكی دیكە هەڕەشە لە ئاسایشی هاووڵاتیانی ئیسرائیل بكات، رووبەڕووی دیوارێك لە ئاگر دەبنەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن