سەرۆكی نوێی حكومەتی ئیسرائیل بناسە

جیهان

13/06/2021     ژمارەی بینراو 446

راچڵەكین –

ئەمڕۆ 13-6-2021 پەرلەمانی ئیسرائیل (كنێست) بە زۆرینەی دەنگ متمانەی بە كابینەی نوێی حكومەت بە سەرۆكایەتی نافتالی بێنیت بەخشی، كە ناوبراو لەڕێی پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەك لە چەندین حزب و لایەنی سیاسی، توانی كۆتایی بە حكومەتەكەی بنامین ناتانیاهۆ بهێنێت، كە ماوەی 12 ساڵ لەو پۆستەدا مایەوە.

سەرۆكی نوێی حكومەتی ئیسرائیل، كە سەرۆكی پارتی یەمینا-ی راستڕەوەو یەكێكە لە ملیۆنەرەكانی ئەو وڵاتە، بە كەسێكی توندڕەو بەرامبەر فەڵەستینییەكان دەناسرێت و لایەنگرێكی سەرسەختی دروستكردنی كۆمەڵگەی نیشتەجێبوونە بۆ جولەكەكان لە كەرتی رۆژئاوا، لە نوێترین لێدوانیشدا رایگەیاند كە هەرگیز رێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی.

نەفتالی بێنیت كێیە؟

- ساڵی 1972 لە دایك و باوكێكی بەرەگەز ئەمریكی، لەشاری حەیفا لەدایكبووە.

- خوێندنی پەیمانگای ئاینیی جولەكەی تەواوكردووە.

-  دەرچووی كۆلێژی مافە لە زانكۆی عیبری لە قودس.

- ساڵی 2005 چووەتە ناو ژیانی سیاسی و بەڕێوەبەری كارەكانی تیمی بنیامین ناتانیاهۆ بووە، كە ئەوكات لە بەرەی ئۆپۆزسیۆن بوو.

- ماوەی چەندین وەك كەسێكی نزیكی ناتانیاهۆ كاری كردووەو ئەندامێكی ناسراوی پارتی لیكۆد بووە.

- ساڵی 2012 دوای جیابوونەوەی لە پارتی لیكۆد، پارتی (ماڵی جولەكە)ی دامەزراند.

- بەهۆی بەدەستهێنانی 12 كورسی كنێست لە هەڵبژاردنی ساڵی 2013، چەندین پۆستی وەزاری وەرگرتووە، لەوانەش پۆستی وەزیری ئابووری.

- ساڵانی 2019 و 2020 وەزیری بەرگری بووە لە حكومەتەكەی ناتانیاهۆ.

- ساڵی 2020 لەگەڵ چەند كەسایەتییەك، پارتی (یەمینا)ی راستڕەوی دامەزراندو لەدوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسرائیل حەوت كورسی بەدەستهێنا.

بەگوێرەی رێككەوتنی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی ئیسڕائیل كە بە هاوپەیمانێتی گۆڕان ناسراوە، نافتالی بینیت دوو ساڵی یەكەمی كابینەكە پۆستی سەرۆك وەزیران وەردەگرێت، دوو ساڵی دووەمیش بۆ یائیر لەبید سەرۆكی پارتی (ئایندە لێرەیە) دەبێت. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن