ئەمساڵ بەهۆی نەبوونی حەج قوربانیكردن زیادی كردووە

چاوپێکەوتن

18/07/2021     ژمارەی بینراو 611

راچڵەكین-

مەیدانی ئاژەڵ فرۆشانی سلێمانی لە پێشوازی جەژنی قورباندا، جممەی دێت لەو هاووڵاتییانەی كە بۆ كڕینی ئاژەڵی قوربانی روویان تێكردووە.

ئەمساڵ نەبوونی حەج گەرموگوڕییەكی زیاتری بەخشیوە بە بازاڕی قوربانیكردن، مەیدانەكە لەچاو ساڵانی رابردوو، خەڵكێكی زیاتر روویان تێكردووە، هەرچەندە هێشتا وادەی قوربانیكردن دەستی پێ نەكردووە، هاووڵاتییان لەئێستاوە ئاژەڵەكان دەكڕن و نۆرە دەگرن تاوەكو لە رۆژانی جەژن زووتر سەرەیان بەربكەوێت و قوربانییەكەیان بۆ سەرببڕن.

گۆران نەجیب، كە یەكێكە لە فرۆشیارانی ئاژەڵ لە مەیدانی ئاژەڵەكەی سلێمانی دەڵێت:" لەچاو ساڵانی رابردوو، بازاڕ زۆر باشە، بەشی زۆری ئەوەی لێرە كاردەكات تا ئێستا نیوەی ئەو ئاژەڵانەی هەیەتی فرۆشتوویەتی كە هێشتا كاتیش زۆر ماوە، بەڵام ئەمساڵ تیچووەكان گرانە، كیلۆیەك جۆ بە ٦٠٠ دینارە ئاویش دەبێت بیكڕین، بەڵام ئەمساڵ ئاژەڵ بۆ قوربانیكردن زیاتر دەفرۆشرێت، چونكە ئەمساڵ خەڵك نەچووە بۆ حەج لێرە قوربانی دەكەن، ساڵانە سێ بۆ چوار هەزار كەس لە هەرێمی كوردستانەوە دەچوون بۆ حەج، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی ئەوەی حەج نەبوو ئەو خەڵكە لێرە قوربانییەكە دەكەن".

وتیشی: "هەر كەسە و بەجۆرێك قوربانی دەكەن، هەیە بەتەنیا ئاژەڵێكی گەورە دەكرێت، بەڵام لەسەر قسەی مامۆستایانی ئایینی خەڵكیش هەیە بەچەند خێزانێك لە گەڕەكێكدا ئاژەڵێكی گەورە دەكڕن و دەیكەنە قوربانی، جاران دەیانگوت هەر ئاژەڵێك بۆ یەك ماڵ دەبێت ئێستا مامۆستاكان دەڵێن ئاژەڵێكی رەشە وڵاخی گەورە بۆ حەوت خێزان دەبێت لە گەڕەكێكدا و دەتوانن پێكەوە بیكەن، ئاژەڵی بچووكیش بۆ یەك خێزان دەبێت و ئەویان خێزانەكان بە تەنیا دەیكەنە قوربانی".

دەربارەی نرخی ئاژەڵ لە مەیدانی ئاژەڵ لە سلێمانی، گۆران نەجیبی ئاژەڵ فرۆش وتی "ئەمساڵ لەچاو ساڵی رابردوو نرخ گرانترە، پار كیلۆی بە پێنج هەزار و ٢٥٠ دینار كەمێك زیاتر یان كەمتر بوو، بەڵام ئەمساڵ كیلۆی بووە بە پێنج هەزار و ٥٠٠ تاوەكو ٧٠٠ دینار، نرخی ئاژەڵی مێیەش هەرزانترە، خواستیش زیاتر لەسەر ئاژەڵی بچووكە بەهۆی باری دارایی خەڵكەوە، چونكە هەتاوەكو گەورەتربێت گرانتردەكەوێت لەسەر خەڵك بۆیە نرخی كیلۆی ئاژەڵە بچووكەكان گرانترە لە گەورە".

حاجی حەمەئەمین حەسەن یەكێكی دیكەیە لە ئاژەڵ فرۆشەكانی ناو مەیدانی ئاژەڵ لە سلێمانی، تەمەنی ٦٧ ساڵە و دەڵێت لەوەتەی كاردەكەم لە منداڵییەوە ئەمە پیشەمە، دەڵێت: "قوربانیكردن هەر دوای نوێژی جەژن دەست پێ دەكات و بەردەوام دەبێت هەتاوەكو ئێوارەی دواهەمین رۆژی جەژن كە خۆر ئاوادەبێت، هەر كەسێك ئاژەڵەكەی ئامادەبێت دەتوانێت لەدوای نوێژەوە دەست بكات بە سەربڕینی قوربانییەكەی".

دەربارەی ئەو ئاژەڵانەی كە بۆ قوربانی دەبن، حاجی حەمەئەمین گوتی: "رەشە وڵاخ، شەكەنێری باش، مەڕ و تەنانەت بزنیش ئەگەر تەمەنی سێ ساڵ بێت بۆ قوربانی دەبن، لەم بازاڕەش زیاتر هەر ئەوانە هەیە و خەڵكیش هەر وای حەزلێیە ئاژەڵێكی باش بكاتە قوربانی".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن