چی ڕوودەدات ئه‌گەر دەماخ نوقمی ئاو ببێت؟

تەندروستی

28/07/2021     ژمارەی بینراو 324

چی ڕوودەدات ئه‌گەر دەماخ نوقمی ئاو ببێت؟


ڕاچڵه‌كین-
شلەکان بەبەردەوامی لەناو دەماخدا کۆدەبنەوە، وە لە حاڵەتی ئاسایییدا هاوسەنگییەک هەیە لە نێوان کۆبوونەوەی ئەم شلەیانە و کرانەدەرەوەیان. ئەمەش لەپێناو هێشتنەوەی بڕێکی کەم لێی کە چواردەوری دەماخ دەدات و دەیپارێزێت لە بەرکەوتنەکان.

بەڵام چی ڕوودەدات گەر بڕی ئەم شلەیانە زیاد بکات؟
سەرەتا پەستان لەسەر مێشک زیاددەکات، وە یەکەم شت کە بەم زیادبوونی پەستانە کاری تێدەکرێت بینینە دەمارە optic nerve، بەهۆی شوێنەکەیەوە کە لە نێوان چاو و مێشکدایە. پەستانی ناوەوەی دەماخ دەکرێ بە ڕێگەیەکی دامرکێنەر گوشار بخاتە سەر بینینە دەمار و ببێتە هۆی هەڵئاوسانی، وە پاشان پاڵی پێوەبنێت بەرەو دیوارەکانی کەلێنی چاو و ببێتە هۆی ئاوسانی دەماری چاو Papilledema. وە ئەمانەش بەسوودن لە دەستنیشانکردنی ئەو نەخۆشییانەی کە دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی ناو دەماخ وەک هەوکردنەکانی دڕکەپەتک، وەرەمەکانی مێشک و بەرزەپەستانی هۆکار نەزانراو.

هەڵئاوسانی بینینە دەمار لە ئافرەتاندا زیاتر ڕوودەدات وەک لە پیاوان، وە زیاتر کار لە کەسانی ڕەنگی پێست کاڵ دەکات وەک لە کەسانی ڕەنگ تێر، ناوەندە تەمەن بۆ ڕوودانی ئەم حاڵەتەش 28 ساڵییە، بە گوێرەی توێژینەوەیەکیش کە لەسەر 86 نەخۆش ئەنجامدراوە. باوترین هۆکاری هەڵئاوسانی بینینە دەمار بەرزەپەستانی هۆکار نەزانراوی ناو دەماخە.

نیشانەکانی چین؟
نیشانەکان بەهۆی بەرزبوونەوەی پەستانی ناو دەماخەوە دەردەکەون کە ئەمەش دەبێتە هۆی دڵ تێکەڵهاتن و سەرئێشە و بیستنی دەنگی میکانیکی (پەیوەست بە دەنگی ئامێرەکانەوە)، لەدەستدانی بینین بۆ ماوەیەکی کاتیی بەتایبەت لەکاتی هەستانە سەرپێ یاخود لەدوای کۆکین و پەستان خستنە سەر سک.

گەر حاڵەتەکە چارەسەر نەکرێت یاخود چارەسەرەکانی بەپێی پێویست نەبن ئەوا، دەکرێت خۆی لە پووکانەوەی بینینە دەماردا ببینێتەوە و ئەمەش ببێتە هۆی کوێربوونی هەمیشەیی.

چۆن دەستنیشان دەکرێت؟
لە کۆتایی بەشی پێشەوەی بینینە دەمار optic disc هەیە کە دەکەوێتە پشتەوەی چاوەوە، پزیشکی پسپۆڕی چاو دەتوانێت لەڕێگەی ئامێری چاوبین ophthalmoscope گۆڕانکارییەکان لە بینینە دەماردا ببینێت، لێوارەکانی optic discـەکە ناڕوون دەردەکەون، وا دەردەکەوێت بەرزبووبێتەوە لە ئاستی تۆڕەی چاو. خوێنبەربوونیش دەکرێ ڕووبدات و لە شێوەی خاڵی شێوە تۆپی خوریی دەربکەوێت.

چارەسەر :
پێش دیاریکردنی چارەسەری گونجاو، پێویستە بەدوای هۆکاری بەرزبوونەوەی پەستانی ناو دەماخدا بگەڕێین، هەنگاوی یەکەم لەکاتی پێشبینی کردنی هەوکردنی بینینەدەماردا، ئەنجامدانی تیشکی ڕەنینی موگناتیسییە MRI بۆ مێشک و بۆ گەڕان بۆ هەر وەرەمێک تیایدا.

ئه‌گەر هەبوونی وەرەم لەناو مێشکدا سەلمێنرا، چارەسەرەکەی دەکرێ بە نەشتەرگەریی دەماخ بێت، بەڵام گەر هۆکارەکەی خوێنمەیین بوو لە ناو گیرفانە خوێنهێنەرەکاندا، ئەوا پشکنینی بۆهێڵی و خۆپاراستن دەست پێدەکەن بە پێدانی دەرمانە دژە خوێن مەیینەکان.

بەڵام گەر هەموو پشکنینەکان تەواو بوون و هۆکارێکی روون نەبوو بۆ بەرزبوونەوەی پەستانی ناو دەماخ، ئەوا بە بەرزە پەستانی هۆکار نەزانراو دەستنیشاندەکرێت و چارەسەرەکانیشی بە دابەزاندنی کێش و دەرمانی ئەسیتازۆڵەماید acetazolamide  دەکرێت.(دەرمانێکی میزپێکەرە diuretic). چەندین نەشتەرگەریی جۆراوجۆر دەکرێ ئەنجام بدرێن بۆ کەمکردنەوەی بەرزەپەستانەکە و هەڵئاوسانەکە، گەر تێکچوونی بینین دەستنیشانکرا.
و: ئاهەنگ صلاح

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن