داهاتی هەناردەی نەوتی عیراق بەرێژەیەكی بەرچاو بەرزدەبێتەوە

ئابوری

29/07/2021     ژمارەی بینراو 237

راچڵەكین –

داهاتی هەناردەی نەوتی عیراق لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی پار، بەڕێژەی 62% بەرزدەبێتەوەو كۆی داهاتەكەش زیاتر بووە لە 33 ملیار دۆلار.

بەگوێرەی ئەو داتایانەی كە لەلایەن كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عیراق (سۆمۆ) بڵاوكراوەتەوە، سەرباری دابەزینی ئاستی هەناردەكردنی نەوت، بەڵام داهاتەكەی لە شەش مانگی ئەمساڵدا بەڕێژەیەكی بەرچاو بەرزبووەتەوەو بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2020، رێژەی بەرزبوونەوەكە گەیشتووەتە 62%.

سۆمۆ ئاشكرایكردووە، داهاتی هەناردەی نەوتی عیراق لە شەش مانگی ئەمساڵدا، گەیشتووەتە 33 ملیار و 175 ملیۆن دۆلار، لەكاتێكدا داهاتی هەناردەی نەوت لە شەش مانگی یەكەمی ساڵی 2020، 20 ملیارو 485 ملیۆن دۆلار بووە.

داتاكان ئەوەیان خستووەتەڕوو، بەرزبوونەوەی داهاتی هەناردەكردنی نەوت، بۆ بەرزبوونەوەی نرخەكەی لە بازاڕەكانی جیهان دەگەڕێتەوە، كە لە سەرەتای ئەمساڵەوە نرخەكەی بەڕێژەی 45% بەراورد بە سەرەتای ساڵی 2020 بەرزبووەتەوە.

بەرزبوونەوەی داهاتی هەناردەی نەوتی عیراق، لەكاتێكدایە ئاستی هەناردەكردن لە شەش مانگی ئەمساڵ 528 ملیۆن و 157 هەزارو 559 بەرمیل بووە، ئەمەش زۆر لەئاستی هەناردەی هەمان ماوەی ساڵی پار كەمترە، كە 593 ملیۆن و 171 هەزارو 328 بەرمیل بووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن