عیراق.. ژمارەیەكی زۆر تیرۆریستی داعش دەستگیركران

عێراق

29/07/2021     ژمارەی بینراو 323

راچڵەكین –

لە ئەنجامی چەند ئۆپەراسیۆنێكی هێزە ئەمنییەكانی عیراق لەسنووری پارێزگاكانی كەركوك، نەینەوا، دیالەو سەڵاحەدین، 27 تیرۆریستی داعش دەستگیركران و چەندین حەشارگەی ئەو گروپەش خاپوور كرا.

شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بە ئامانجی كۆنتڕۆڵكردنی جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش، هێزەكانی لیوای سێ سەر بە فیرقەی بەرپەرچدانەوەی خێرا لە وەزارتی ناوخۆ، هەڵمەتێكی گەڕان و پشكنینیان لە ناوچەی دۆڵی چای و گوندی جیام لەرۆژئاوای قەزای خورماتووی سەر بە پارێزگای سەڵاحەددین ئەنجامداو جگە لە دەستگیركردنی چەند تیرۆریستێكی داعش، ژمارەیەك حەشارگەی ئەو گروپەش خاپوور كران.

لەبەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، دوای ئەوەی هێزەكانی دژەتیرۆری عیراق دەستگیركردنی 14 تیرۆریستی لەمیانی چەند ئۆپەراسیۆنێكدا راگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە شەش تیرۆریستی دیكەی داعش دەستگیركران و هەوڵێكی تەقاندنەوەی تاوەرێكی كارەباش پووچەڵكرایەوە.

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی سەربە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان لە راگەیەندراوێكی دیكەدا بڵاویكردەوە، كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، هێزەكانی دژەتیرۆر ئۆپەراسیۆنیان لە پارێزگاكانی دیالە، كەركووك و سەڵاحەددین ئەنجامدا و لە ئاكامی ئۆپەراسیۆنەكەدا سێ تیرۆریستی داواكراو دەستگیركران.

ئەوەش خراوەتەڕوو كە هێزەكانی لیوای 22 لە فیرقەی شەشی سوپای عێراق، دوای گەیشتنی زانیاری هەواڵگریی، هەوڵێكی تەقاندەوەی تاوەرەكانی كارەبای لە قەزای تاجی باكووری بەغدای پایتەخت پووچەڵكردەوە.

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەشدراوە كە هێزەكانی دەزگای دژەتیرۆری عیراق بەهەماهەنگی لەگەڵ دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان-پارێزگای سلێمانی، سێ تیرۆریستی داعشیان دەستگیركرد.

بەمەش ژمارەی ئەو تیرۆریستانەی كە لە میانی 48 كاتژمێری رابردوودا لەلایەن هێزەكانی دژەتیرۆری عێراقەوە دەستگیركراون گەیشتە 27 تیرۆریست.

لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو كە دوای لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا، تیرۆریستە دەستگیركراوەكان دانیان بەوەدا ناوە كە پەیوەندییان لەگەڵ رێكخراوی تیرۆریستی داعش هەبووە و لە ریزی رێكخراوەكەدا كاریان كردووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن