ژمارەی قوربانیانی ھێرشەكەی "داعش" لە پارێزگای سەڵاحەدین گەیشتە ٣٤ كەس

عێراق

31/07/2021     ژمارەی بینراو 303

راچڵەكین-

ژمارەی ئەو كەسانەی لە ئاكامی ئەو ھێرشەی لەلایەن چەكدارانی "داعش" دوێنێ كرایە سەر پرسەیەك لە ناحیەی یەسرب باشووری پارێزگای سەڵاحەدین، بوونە قوربانی، بەرزبووە بۆ ٣٤ كەس.

سەرچاوەیەك لە پۆلیسی پارێزگای سەڵاحەدین رایگەیاند، ژمارەی قوربانیانی ھێرشە تیرۆریستییەكەی سەر پرسەكەی گوندی ئەلبو جیلی سەربە ناحیەی یەسرب بەرزبووەتەوە بۆ ١٤ كوژراو و ٢٠ بریندار.

پێشتر سەرچاوەیەكی ئەمنی راگەیاندبوو،ھێرشێكی تیرۆریستی كراوەتە سەر پرسەیەك لە گوندی ئەلبو جیلی سەربە ناحیەی یەسرب باشووری پارێزگای سەڵاحەددین و لە ئاكامدا ھەشت كەس كوژراون ١٩ی دیكەیش بریندرابوون.

تا ئێستا ھیچ لایەنێك بەرپرسیاریەتی خۆی لە ئەنجامدانی ھێرشەكە رانەگەیاندووە، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئەمنی عیراق ئاماژە بەوە دەكەن كە گومان دەكرێت تیرۆریستانی داعش، ھێرشەكەیان ئەنجام دابێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن