شوێنی بن لادن چۆن ئاشكرابوو؟

جیهان

01/08/2021     ژمارەی بینراو 389

راچڵەكین-

بەپێی كتێبێكی نوێ لەسەر ئوسامە بن لادن، ئەوە ئاشكرا دەبێت، كە یەكێك لەو نیشانانەی شوێنی سەرۆكی قاعیدەی بۆ ئەمریكییەكان ئاشكرا كردووە، پەتی هەڵكردن و وشككردنەوە جلەكانیان بووە.

بەپێی ڕۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمریكی، لە كتێبی "هەستانەوە و كەوتنی ئوسامە بن لادن" كە پێدەچێت رۆژی سێشەممە بخرێتە بازاڕی كتێبخانەكانەوە، تێیدا نووسەری كتێبەكە بەناوی "پیتەر بێرگن"وردەكاری گرنگی لەبارەی سەرۆكی پێشووی قاعیدەوە ئاشكرا كردووە.

بەپێی كتێبەكە، لەدوای هێرشەكانی 11ی سیپتەمبەرەوە، خێزانە گەورەكەی ئوسامە بن لادن پەرتەوازە بوون، بەڵام دوای ماوەیەك كە بن لادن هەستی كردووە ئەمریكییەكان بە شێوەیەكی فراوان دوای ناكەون، بە "ابراهیم عبد الحمید"ی پاسەوانە تایبەتەكەی خۆی وتووە لە شاری ئەبوت ئابادی پاكستانی خانوویەكی گەورەی بۆ دروست بكات.

ڕۆژنامەكە باسی لەوەشكردووە، كە خانووەكە وەكو قەڵایەكی پاڕێزەر بووە بۆ بن لادن، بۆیە لەساڵی 2005 چووەتە ئەوێ و هەموو خێزانەكەی لەو خانووەدا كۆكردووەتەوە.بەپێی كتێبەكە، یەكێك لە نیشانە و دەلیلەكان بۆ بوونی بن لادن لەو خانووە، "تەنافی جل"ـەكەیان بووە.

بەپێی بەدواداچوون و چاودێرییەكانی كارمەندانی "CIA" دەركەوتووە، لەو خانووەدا پیاوێكی بەتەمەن و ژمارەیەك ئافرەت و لانی كەم 9 منداڵ دەژین، ئەمەش نزیكە لە ژیانی ئوسامە بن لادن. ئەم شیكردنەوەیەش جێی باوەڕی ئیدارەی ئەمریكا بووە بۆ ئەوەی چاودێری چڕ بخرێتە سەر خانووەكە.
 
ئوسامە بن لادن، دامەزرێنەر و سەرۆكی پێشووتری ڕێكخراوی القاعیدە، كە لە ساڵی 1988 لە ئەفغانستان دایمەزراند، لە ساڵی 1957 لە سعودیە لەدایك بووە و لە ڕۆژی 2ی ئایاری 2011 لە پاكستان لەلایەن هێزەكانی ئەمریكاوە، كوژرا.

ئا: سۆران كەریم

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن