19 مەرج لە كۆمسیۆنەوە بۆ ئەو كەسەی دەبێتە كارمەندی رۆژی هەڵبژاردن

عێراق

02/08/2021     ژمارەی بینراو 340

راچڵەكین-

كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق دەڵێت، 19 مەرج بۆ ئەو كەسانە دادەنێت كە خوازیارن ببنە كارمەند لەرۆژی هەڵبژاردندا. 
 
بڕیارەی لە 10-10-2021 هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عیراق بەڕێوەبچێت. تاوەكو ئێستا زیاتر لە 20 حیزب و لایەن بایكۆتی پرۆسەكەیان كردووە، بەڵام كۆمیسیۆن سوورە لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا. 
 
بۆ ئەو مەبەستەش، كۆمسیۆن 19 مەرجی بۆ ئەو كارمەندانە داناوە كە بڕیارە بەشداری لە هەڵبژاردن بكەن كە ئەمانەن:
 
1: پابەندبوون بە هەموو یاساكانی هەڵبژاردنەكانی عیراق و بنەما و سیستەم و رێكارەكانی كۆمیسیۆن و جێبەجێكردنیان بە شێوەیەكی بێلایەنی و دادپەروەرانە.
 
2: دەبێت كارەكان بەشێوەی دروست جێبەجێبكات و ئەوپەڕی پابەندی هەبێت بە مامەڵەی پیشەییانە.
 
3: نابێت هیچ كارێك بكات كە كاریگەریی نەرێنی لەسەر ئابڕووی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان یان پرۆسەی هەڵبژاردن هەبێت.
 
4: ئەرك و كارەكانی بە ئەمانەتەوە بكات بێ جیاكاری لەسەر بنەمای رەگەز، نەتەوە، ئایین، رەنگ، بیروباوەڕی سیاسی یان هەر پێوەرێكی دیكە.
 
5: مامەڵەكردن لەگەڵ دەنگدەر و بریكاری قەوارە سیاسییەكان، چاودێران و كاندیدەكان، راگەیاندن، بەشداربووانی دیكە لە پرۆسەی هەڵبژاردن بە رێزگرتن و بێلایەن و پیشەییانە. 
 
6: پاراستنی زانیاری و بەڵگەنامەكان كە بەهۆی پیشەكەییەوە ئاگاداریانە.
 
7: نابێت سەر بە هیچ قەوارە یان رێكخستنێكی سیاسی بێت.
 
8: نابێت سەر بە هیچ هێزێكی ئەمنی و سەربازیی بێت.
 
9: نابێت رێكارەكانی لێپرسینەوە و دادپەروەریی بیگیرێتەوە.
 
10: نابێت نزیك بێت لەكاندید ( باوك، دایك، خوشك، هاوژین، كوڕ، مام و  خاڵ).
 
11: دەبێت داتاكانی بە بایۆمەتری تۆماركردبێت، ئەوەش لەكاتی كردنەوەی سەنتەرەكانی تۆماری بایۆمەتری.
 
12: دەبێت سەردانی سەنتەرەكانی تۆماری كردبێت و كارتی بایۆمەتریی دەنگدانی وەرگرتبێت.
 
13: نابێت هیچ كار یان چالاكییەك بكات كە ئاماژەبێت بۆ پشتیوانیكردنی پارتێك یان لایەنگیری بێت بۆ لایەنێكی دیاریكراو یان دژایەتی لایەنێكی دیاریكراو. 
 
14: دووركەوتنەوە لە لێدوانەكان یان بۆچووندان لەسەر بابەتێك بە ئاشكرا كە رەنگە ببێتە پرسێكی سیاسی لە هەڵبژاردن.
 
15: ئاشكراكردنی هەر پەیوەندەییەك كە دەبێتە هۆی دژبوون یان دەركەوتنی دژبوونی بەرژەوەندییەكان.
 
16: رەتكردنەوەی هەر دیاری یان خزمەتگوزارییەك لە هیچ كەس یان قەوارەیەك كە كاریگەریی لەسەر رەوتی هەڵبژاردن هەبێت.
 
17: رەتكردنەوەی هەر كاریگەرییەكی نەشیاو و رەتكردنەوەی قبووڵكردنی رێنوێنییەكان تایبەت بە وەرگرتنی بەرپرسیارێتی لەلایەن هەر كەسێكەوە بێت تەنیا لە بەرپرسی فەرمییەوەی نەبێت.
 
18: نووسینی راپۆرت سەبارەت بە هەر هەوڵێك كە كاریگەریی نەرێنیی لەسەر بێگەردی و شەفافییەتی پرۆسەی هەڵبژاردن.
 
19: پارێزگاریكردن لە سامانی دەوڵەت كە لە ئەستۆیدا دەبێت یان لەژێر كۆنترۆڵیدا دەبێت، بەتایبەت ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان و ماددە لۆجیستییەكانی كۆمیسیۆن و بەكارهێنانیان بەشێوەیەكی تەواو و بەپێی رێنوێنییەكانی كۆمیسیۆن.

س- رووداو

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن