پێكدادانی چەكداری لەلوبنان كوژراوو برینداری لێكەوتەوە

جیهان

02/08/2021     ژمارەی بینراو 154

راچڵەكین-

پێكدادانی چەكداری نێوان چەكدارانی نزیك لە حزبوڵڵا و "ھۆزە عەرەبە سوننەكان لە باشووری لوبنان،  كوژران و برینداربوونی لانی كەم هەشت كەسی لێكەوتووەتەوە.

بەپێی ئەو راگەیەندراوەی كە لە سوپای لوبنانەوە بڵاوكراوەتەوە، لە كاتی تێپەڕبوونی تەرمی كەسێك بەناوی عەلی شیبلی لە ناوچەی خەلدە لە باشووری بەیروت، كەسانێكی چەكدار تەقەیان كردووە.

راگەیەندراوەكە، ئاماژەی بەوە كردووە، یەكەكانی سوپا، دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەكە. لە راگەیەندراوەكەدا ھاتووە: "یەكەكانی سوپا، لە ناوچەی خەلدە جێگیربووە و ئەگەر كەسێكی چەكدار لە سەر رێگاكان ببینرێت یان كەسێك تەقە بكات ئەوە تەقەی لێدەكەن".

بەپێی ھەواڵێكی ئاژانسی فەرمیی ھەواڵی لوبنان NNA، دوێنێ لە كاتی تێپەڕبوونی تەرمی عەلی شیبل كە لە ئاھەنگێك لە باشوور كوژراوە، پێكدادانێكی چەكداریی لە ناوچەی خەلدەی باشوور روویداوە.

پێكدادانەكە كە چەكی قورس و ئار پی چی تێدا بەكارھێنراوە، ھاووڵاتییانی تووشی ترس و دڵەڕاوكێ كردووە.

یەكەكانی سوپا بۆ گواستنەوەی بریندارەكان داوای ھاوكارییان لە خاچی سوور كرد.لای خۆیەوە خاچی سوور، بۆ گەیاندنی یارمەتی پزیشكیی سەرەتایی بۆ برینداران و گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانەكان، داوای راگەیاندنی ئاگربەستیان كردووە.



داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن