ئێران؛ ژمارەیەكی پێوانەیی لە توشبوون بە كۆرۆنا تۆمار كرد

جیهان

02/08/2021     ژمارەی بینراو 325

راچڵەكین-

لە ٢٤ كاتژمێری رابردوودا، لە ئێران ٤١١ حاڵەتی گیانلەدەستدان و ٣٧ هەزار و ١٨٩ حاڵەتی نوێی تووشبوون بە پەتای كۆرۆنا تۆماركراوە.

وەزارەتی تەندروستیی ئێران لە راگەیەندراوێكدا ئاماری تووشبوون و گیانلەدەستدانی بە پەتای كۆرۆنا و وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنای بڵاوكردەوە.

لە راگەیەندراوەكەدا باس لەوە كراوە كە لە ٢٤ كاتژمێری رابردوودا، ٣٧ هەزار و ١٨٩ حاڵەتی نوێی تووشبوون بە پەتای كۆرۆنا تۆماركراوە، لەوانەش چوار هەزار و ٣١٧ تووشبوویان لە نەخۆشخانە خەوێندراون.

هەروەها لە راگەیەندراوەكەدا باس لەوە كراوە كە ژمارەی تووشبووانی پەتای كۆرۆنا لەسەرانسەری وڵاتدا گەیشتووەتە، سێ ملیۆن و ٩٤٠ هەزار و ٧٠٨ كەس، ٤١١ كەسی دیكەش گیانیان لەدەستداوە و ژمارەی ئەو كەسانەی بەو پەتایە گیانیان لەدەستداوە بەرزبووەتەوە بۆ ٩١ هەزار و ٤٠٧ كەس.

رەوشی تەندروستی پێنج هەزار و ٦٠٧ كەس ناجێگیرە و لە یەكەی چاودێری چڕدان و تا ئێستا، سێ ملیۆن و ٤٠٤ هەزار و ٥٣٣ تووشبووش چاكبوونەتەوه.

هەروەها تا ئەمڕۆ بە تێكڕایی ٢٦ ملیۆن و ٣٩ هەزار و ٤٥٠ پشكنین ئەنجامدراون.

لە ئێران كە ژمارەی دانیشتوانەكەی نزیكەی ٨٣ ملیۆن كەسە، تا ئێستا دۆزی یەكەمی ڤاكسینی كۆرۆنا بۆ ١٠ ملیۆن و ٢٨٥ هەزار و ٤٩٤ كەس و دۆزی دووەمی ڤاكسینەكەیش بۆ دوو ملیۆن و ٧٩٥ هەزار و ٦٨٠ كەس بەكارهێندراوە.

یەكەم حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ لە ئێران لە ١٩ی شوباتی ٢٠٢٠ لە شاری قوم تۆمار كرا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن