وەزیری پێشمەرگە: هەماهەنگی لەگەڵ سوپای عیراق بۆ ئاستێكی باڵاتر بەردەوام دەبێت

کوردستان

02/08/2021     ژمارەی بینراو 171

راچڵەكین –

وەزیری پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، پەیوەندی و هەماهەنگی پێشمەرگە لەگەڵ سوپای عیراق بۆ ئاستێكی باڵاتر، لەبەرامبەر رووبەڕوبوونەوەی تیرۆرو تیرۆریستان لەناوچە جێناكۆكەكاندا بەردەوام دەبێت، دەشڵێت: دوای دروستبوونی ناوەندەكانی هەماهەنگی هاوبەش لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عیراق، تیرۆریستان دەرفەتی قۆستنەوەی كاری تیرۆریستی و تێكدەرانەیان كەمبۆتەوە.

ئەم وتانەی شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە، لەمیانی كۆبوونەوەیەكی هات لەگەڵ فەرماندەو ئەفسەرانی هەردوو ناوەندی باڵای هەماهەنگی هەولێر – بەغدا و هەر چوار ناوەندەكانی هەماهەنگی هاوبەشی خانەقین – كەركوك – موسڵ – كەسك)ی  نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عیراق، كە ئەمڕۆ 2-8-2021 ئەنجامدرا.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی سەنتەری میدیا-ی وەزارەتی پێشمەرگە، لە كۆبوونەوەكەدا كە ژمارەیەك بەرپرس و فەرماندەی وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەیبوون، عەمید روكن عیلمی، بەڕێوەبەری ئۆپەراسیۆنەكانی وەزارەتی پێشمەرگە، كورتەیەكی لەسەر ئەرك و چالاكییەكانی ئێستای ناوەندەكانی هەماهەنگی ئەمنیی هاوبەش خستەڕوو.

دواتر وەزیری پێشمەرگە، جەختیكردەوە لەسەر بەردەوامیدان بە پەیوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ سوپای عیراق بۆ ئاستێكی باڵاتر، لەبەرامبەر رووبەڕبوبوونەوەی تیرۆر و تیرۆریستان لەناوچە جێناكۆكەكاندا، بۆ ئەمەش فەرماندەو ئەفسەرانی بنكەكانی هەماهەنگی ئەمنیی راسپارد، كە لەئەرك و فەرمانی خۆیان بەردەوام بن و پاڵپشتی  و پشتگیری وەزارەتی پێشمەرگەشی لە پڕكردنەوەی پێویستی و چارەكردنی كەموكوڕیەكانی دووپاتكردەوە.

شۆڕش ئیسماعیل ئاماژەی بەوەكرد، ‌ لەماوەی رابردوودا دۆخی ناوچە جێناكۆكان  لە مەترسیدا بووە‌و بەردەوام تیرۆریستان دەرفەتی قۆستنەوەی كاری تێكدەرانەو نامرۆڤانەیان هەبووە، لە ئێستاشدا ئەركی ئێوەو سوپای عیراقییە بەهەماهەنگی و هاوبەشی، چاودێری وردی ناوچەكە بكەن، تا لەو رێگەیەوە سەر و گیانی هاوڵاتیان و دانیشتوانی تەواوی پێكهاتەكانی ئەم ناوچانە پارێزراوبێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن