بزووتنەوەی تاڵیبان بە ئەنجامدانی كۆمەڵكوژی تۆمەتبار دەكرێت

جیهان

02/08/2021     ژمارەی بینراو 193

راچڵەكین –

ئەمریكا، بزووتنەوەی تاڵیبان بە ئەنجامدانی كۆمەڵكوژی لە دژی هاووڵاتیانی مەدەنیی ئەفغانستان تۆمەتبار دەكات، بەپێویستیشی دەزانێت لێپرسینەوە لەو چەكدارانەی رێكخراوەكە بكرێت كە تاوانەكەیان ئەنجامداوە.

بەپێی راگەیەندراوێكی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە كابوڵ، چەكدارانی تاڵیبان لە دەروازەی سنووریی سبین بوڵداك لە پارێزگای قەندەھار لەسەر سنووری پاكستان، كۆمەڵكوژیی تۆڵەكردنەوەیان لەدژی مەدەنییەكان ئەنجامداوە.

راگەیەندراوەكە، ئاماژەی بەوەكردووە كە ئەگەری هەیە ئەو تاوانانە بگاتە تاوانی جەنگ و جەختی لەسەر پێویستی لێكۆڵینەوەو لێپرسینەوە لە چەكدارەكان و ئەو سەركردانەی تاڵیبان كردووە كە لەو كۆمەڵكوژییە تێوەگلاون.

لەئەنجامی پێشڕەوییەكانی چەند رۆژی رابردووی چەكدارانی تاڵیبان كە بەشێكی زۆری خاكی ئەفغانستانیان داگیركردن دەستیان بەسەر چەندین دەروازەی سنووریشیدا گرتووەو لەكاتی كۆنترۆڵكردنی دەروازەی سنووریی سبین بوڵداك لەگەڵ پاكستان، ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتی ئەفغانی كە بەنیازی هەڵاتن بوون، بە دەستڕێژی چەكدارانی تاڵیبان كوژران.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن