حکومەت لەبارەی قەدەغەکردنی سیمکارتی بێ سەرەتا و کوالێتیی ئارد کۆدەبێتەوە

کوردستان

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 78

راچڵەکین-

 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم چەند پرسێکی تایبەت بە هەڵبژاردن، قەدەغەکردنی سیمکارتی بێ سەرەتا، پلانی نیشتمانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ و پەیڕەوی سندوقی پاڵپشتی گەشەپێدانی ڕێگاوبان و  کواڵیتی هاوردەکردنی ئارد لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە ڕووی خۆراکی و تەندروستییەوە گفتوگۆ دەکات.  

فەرمانگەی میدیاو زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢١/٩/١٥ زایینی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ئەنجام دەدات.

لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بابەتانەی خوارەوە دەخرێنە بەر باس و گفتوگۆ:

یەکەم: خستنەڕووی ئامادەکارییەکانی وەزارەت و لایەنە پەیوەدیدارەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی فیدڕاڵ لە ٢٠٢١/١٠/١٠ کە لە عیراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت بە ئاڕاستەی بانگەشەیەکی مەدەنییانەی ئارام و دوور لە پشێوی و یەکترشکاندن و ناوزڕاندن و ڕۆڵی سەربەخۆیی دامەزراوە ئیداری و مەدەنییەکان و میدیا و کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ سەرکەوتنی ئەم پڕۆسەیە بەگوێرەی یاسا بەرکارەکان، و هاندانی هاووڵاتییان بۆ پیادەکردنی مافی دەنگدان.

دووەم: بەدواداچوونی هەنگاوەکانی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ جێبەجێکردنی دوو بڕیاری کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی ژمارە (٦٣) لە ٢٠٢١/٩/١ تایبەت بە قەدەغەکردنی بەکارهێنانی سیمکارتی بێ بەرایی و لیژنەی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە کواڵیتی هاوردەکردنی ئارد لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە ڕووی خۆراکی و تەندروستییەوە.

سێیەم: بڕیاردان لەسەر ڕەشنووسی (پلانی نیشتمانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ (٢٠٢١ - ٢٠٢٥) کە لە کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران لە لایەن د. دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان خرایەڕوو بۆ ئەنجومەن و بڕیاردرا لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیاری کۆتایی لەسەر بدرێت.

چوارەم: خستنەڕووی ڕەشنووسی (پەیڕەوی سندووقی پاڵپشتی گەشەپێدانی ڕێگاوبان لە هەرێمی کوردستان - عێراق) کە لە لایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بە هەماهەنگی وەزارەتەکانی (سامانە سروشتییەکان، دارایی و ئابوری، ناوخۆ) ئامادەکراوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن