یەك لیتر لەو بەنزینەی لەبەغداوە رەوانەی هەرێم كراوە.. بەچەند دەدرێت بەهاوڵاتیان

کوردستان

15/09/2021     ژمارەی بینراو 272

راچڵەكین-

قائیمقامی هەولێر ئاشكرای دەكات، ئەو بەنزینەی لە بەغداوە دێت بە 650 دینار دێت و 20 دینار رسومات وەردەگیرێت و بەنزینخانەكان بە 690 دینار دابەشی دەكەن. دەشڵێت "بەنزینەكە بۆ هەموو پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانە و دەست بە دابەشكردنی كراوە."
 
نەبەز عەبدولحەمید، سەبارەت بەو بڕە بەنزینەی گەیشتووەتە هەرێمی كوردستان و دابەشكردنی بەسەر پارێزگاكاندا، رایگەیاند: "بڕی ئەو بەنزینەی گەیشتووەتە هەرێمی كوردستان ملیۆنێك و 80 هەزار لیترە. بەشی هەولێر 360 هەزار لیترە و بەنزینەكەش بۆ پارێزگاكانی دیكەی سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە هاتووە و دەست بە دابەشكردنی كراوە." وەك رووداو بڵاویكردووەتەوە.
 
بوتەی قایمقامی هەولێر، ئەو بڕە بەنزینە رۆژانە لەلایەن بەغداوە دێت، دەشڵێت: "بڕی بەنزینەكە بەپێی ژمارەی دانیشتووان تەرخانكراوە كە دەبوایە بەپێی ئۆتۆمبێل تەرخانكرابووایە."
 
سەبارەت بەوەی كە ئەو بڕە بەنزینە چ كێشەیەك لە هەولێر چارەسەر دەكات؟ نەبەز عەبدولحەمید دەڵێت "هاتنی ئەو بەنزینە هەنگاوی یەكەمە، هەنگاوی دیكە هەیە ئەویش كردنەوەی دەروازەكانە بۆ هێنانی بەنزین، بەڵام بەو مەرجەی كە كوالیتییەكەی ئەو كوالیتییە بێت كە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان دیاری كردووە." 
 
دەشڵێت "بڕیار دراوە بەرهەمی ناوخۆ زیادبكرێت و زۆر تەئكیدیش لەسەر كوالیتیی ئەو بەنزینە كراوەتەوە و رۆژانەش لەناكاو سەردانی چەند بەنزینخانەیەك دەكەین، هەر كەسێك سەرپێچی بكات سزا دەدرێت."

بەشێك لەهاوڵاتیان گلەیی لەوە دەكەن ئەو بەنزینەی كە بە 660 دینار لە بەنزینخانەكان دەفرۆشرێت كوالیتییەكەی خراپە و گرفت بۆ ئۆتۆمبێلەكانیان دروست دەكات، قائیمقامی هەولێر ئاماژە بەوە دەدات كە "بەداخەوە زۆر جار هەبووە كەسانێك دەستكاری كوالیتییەكەی دەكەن، بەڵام حاڵەتەكان لە هەولێر كەمبوون. بەردەوامیش سكاڵامان بۆ دێت كە بەهۆی بەنزینەوە ئۆتۆمبێلەكانیان خراپ بووە. لەبەرئەوە ئێمە پێبژاردنمان بۆ ئەو بەنزینخانانە كردووە كە دەستكاری كوالیتی بەنزین دەكەن."
 
رۆژی سێشەممە، ئەو 1 ملیۆن لیتر بەنزینەی كە بەغدا بەڵێنیدا رۆژانە رەوانەی بكات، گەیشتە هەرێمی كوردستان.  

پێشتر كەمال ئەترووشی، وەزیری سامانە سرووشتییەكان رایگەیاندبوو، لە 23ی ئابەوە رۆژانە یەك ملیۆن لیتر بەنزین لە بەغداوە دێت، بەڵام هاتنی ئەو بڕە بەنزینە بۆ ئەمڕۆ دواكەوت.

وتیشی:" ئەمەش وادەكات كوالێتیی بەنزینەكەمان باش ببێت و نرخەكەشی دەبێت بە 650 دینار بە كوالێتییەكی باش و لە هەموو كوردستان بەو نرخە دەبێت". 

هەرێمی كوردستان رۆژانە پێویستی بە پێنج بۆ شەش ملیۆن لیتر بەنزینە. كەریم عەلی، سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە رووداوی رایگەیاندبوو "تەنیا نەوتی خاو بدرێتە پاڵاوگە ناوخۆییەكان، كێشەی گرانیی بەنزین چارەسەر دەبێت."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن