لایەنە سیاسییەكانی عیراق پەیماننامەی رەفتاری ھەڵبژاردن واژوو دەكەن

عێراق

15/09/2021     ژمارەی بینراو 106

راچڵەكین –

هێزو لایەنە سیاسییە سەرەكییەكانی عیراق لەپێناو پاراستنی پاك و بێگەردی دەنگدان و مسۆگەركردنی ھەلی یەكسان بۆ كاندیدەكان، پەیماننامەی رەفتاری ھەڵبژاردنیان واژوو كرد.

ئەمڕۆ 15-9-2021، د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق، لە كۆشكی بەغداد میوانداریی كۆبوونەوەیەكی بەرفراوانی سەركردەو نوێنەری لایەنە سیاسییە سەرەكییەكانی عیراقی كرد، كە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران و جینین هێنیس پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق و سەرۆك و ئەندامانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكان ئامادەیبوون.

بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی كە لە نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆماری عێراقەوە بڵاوكراوەتەوە، لە كۆبوونەوەكەدا واژووی پەیماننامەی رەفتاری ھەڵبژاردن كرا، كە لەلایەن سەرۆكایەتی كۆمارەوە پێشكەش كرابوو سەبارەت بەو بنەمایانەی پێویستە پارتە سیاسییەكانی عیراق لە پڕۆسەی ھەڵبژاردندا پێی پابەندبن، تاوەكو پاك و بێگەردیی و سەلامەتی ھەڵبژاردنەكان پارێزراو بن و بەشێوەیەكی راست و رەوان بەڕێوەبچێت.

لە راگەیەندراوەكەدا ئەوە خراوەتەڕوو كە لە پەیماننامەكەدا جەختكراوەتەوە لە خۆلادان لە ململانێكان و دەستەبەركردنی بەشداریی بەرفراوانی خەڵك لە ھەڵبژارنەكاندا، ھەروەھا پاراستن و مسۆگەركردنی ھەلی یەكسان بۆ كاندیدەكان، بۆ ئەوەی پەیماننامەكە گفتوگۆی گشتگیری لەبارەوە بكرێت لەنێو ناوەندە كۆمەڵایەتییەكان لە گشت پارێزگاكان بۆ بەھێزكردنی پرۆسەی ھەڵبژاردنەكان.

لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك كۆماری عیراق رایگەیاندووە، ھەڵبژاردنی ئەمجارە چارەنووسسازەو ھەلێكی مێژووییە بۆ راستكردنەوەی پرۆسەی سیاسی عیراق و ھەنگاونان رووەو چاكسازییەكی راستەقینە، كە خواست و ئیرادەی عیراقییەكان بۆ ژیانێكی شكۆمەندانە بھێنێتە دی.

د. بەرھەم ساڵح ئاماژەی بەوەشكرد كە پەیماننامەكە گرنگی پاراستنی یاساو رێسا دەستورییەكان و ھێنانەئارای ژینگەیەكی ئارام بۆ ھەڵبژاردنەكان و ھەلی یەكسان بۆ كاندیدەكان لە ھەڵبژاردەكاندا دوویاتدەكاتەوە، پابەندبوونی ھێز و لایەنە سیاسییەكانیش بەو پەیماننامەیە، پشكداری دەكات لە باش بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ھەڵبژاردنەكە.

لای خۆشیانەوە ھەریەك لە سەركردە و نوێنەری ھێز و لایەنە سیاسییەكان، پابەندبوونی خۆیان بە بنەماكانی پەیماننامەكە دووپاتكردەوو جەختیان لەوەش كردەوە كە دەبێت ھەموو لایەك كەشێكی گونجاوو لەبار بۆ سەرخستنی پڕۆسەی دەنگدان بڕەخسێنن، پشتیوانی خۆشیان بۆ كۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكان دەربڕی لە سەرخستنی پڕۆسەكە و ئەنجامدانی ئەركەكانی سەرشانیان و پاراستنی مافی دەنگدەران لەوەی ئازادانە نوێنەرەكانی خۆیان ھەڵبژێرن.

هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كە رۆژی 10-10-2021 بەڕێوەدەچێت، گۆڕانكاری تێدا كراوەو هەر پارێزگایەك بەسەر چەند بازنەیەكی هەڵبژاردندا دابەشكراوەو راستەوخۆش دەنگ بە پاڵێوراوەكان دەدرێت.


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن