بەهۆی کڕینی دەنگەوە کاندیدێک لە هەڵبژاردن دوورخرایەوە

عێراق

16/09/2021     ژمارەی بینراو 514

راچڵەکین

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق رایگەیاند، لەسەر تۆمارکردنی چەند سکاڵایەک کە باس لە کڕینی کارتی دەنگدان دەکرا، ئەشواق فەهد عەبود ئەلغرێری، کاندیدی ژمارە 70 لە بازنەی 17ی پارێزگای بەغدا لە هەڵبژاردن دوورخرایەوە.

لەراگەیەنراوێکدا کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق بڵاویکردووەتەوە، ئەنجومەنی کۆمسیاران دوای ئەوەی ژمارەیەک سکاڵای لەسەر کاندیدێکی هەڵبژاردنەکان بەدەست گەیشت کەباس لەوەدەکات کارتی دەنگدانی کڕیوە، بڕیاریدا کاندیدبوونی ئەشواق فەهد عەبود ئەلغرێری هەڵوەشێنرێتەوە و ئەو دەنگانەی لە هەڵبژاردن بەدەستی دەهێنێت دەسڕدرێنەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، دەتوانرێت لە ماوەی سێ رۆژدا لەبەردەم دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن تانە لە بڕیارەکە بدرێت.

دکتۆر ئەشواق فەهد عبود ئەلغرێریی، کاندیدە لە هاوپەیمانی عەزمە بەسەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر.

بڕیارە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران رۆژی 10ی تشرینی یەکەمی 2021 لە عیراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراقیش رایگەیاندووە، 24 ملیۆن و 29 هەزار و 927 کەس مافی دەنگدانیان هەیە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن