لەبەرچی دیکادرۆن خراپە ؟
ڕاچڵهكین-
دیکادرۆن دەرزیەو زۆر جار بەکاردەهێنرێت بۆ چارەسەری ژانی پشت، چۆک یان شان و مل، هەروەها بۆ چارهسهری تا بەکار دەهێنرێت، بەڵام ئایا لەجێی خۆی بەکار دەهێنرێت یان بە نازانستی؟ دكتۆر یوسف پزیشكی ههناوی و كوێره ڕژێنهكان لهم بابهتهدا زانیاری زیاتر لهبارهی ئهم دهرمانه دهخاته ڕوو.
دیکادرۆن سەربە دەرمانگەلێکە پێیان دەگوترێت (ستیرۆیدەکان)، ئەو دەرمانانە بریتین لە...
1- پرێدنیزۆلۆن
2- دیکادرۆن
3- بێتامیتازۆن
4- کیناکۆرت
5- هایدرۆ کۆرتیزۆن و هەندێکی تریش .
بەکارهێنانی زانستیانە بۆ ئەو دەرمانانە لەو حاڵەتانەیە:
1-ڕەبۆی توند کە نەخۆشەکە پێویستی بەنەخۆشخانە بێت و ئۆکسجینی دابەزیبێت
2- ئەو نەخۆشانەی بەهەر هۆکارێک ڕێژەی نۆرمالی هایدرۆکۆرتیزۆنی خوێنیان دابەزیبێت، واتە نەخۆشی وەکو ئەدیسۆنیان هەبێت و بۆ قەرەبوی فیزیۆلۆژیانە بەکار بێت لەلایەن پسپۆری تایبەتمەند
3- هەوکردنە جومگەییە درێژخایەنەکان ،ئەویش لەلایەن پسپۆری ڕۆماتیزم و نەخۆشی جومگەکانەوە بەکار دێت
4- هەندێک لە نەخۆشی دەمار و مێشک کە دەبنە هۆی بێ هێزی، چاو کزبون یان نیمچە فەلەج بون، هەروەها نەخۆشی هەوکردنی دەمارەچێوەییەکان کە دەبێتە هۆی سڕبون و تەزینی دەست و پێیەکان. لەو حاڵەتانە پسپۆری مێشک و دەمار وەسفیان دەکات.
5- ئەونەخۆشیە پێستەییانەی وەکو سەدەف و پۆقژە ..پەمفیگەس، هەستیاریە توندەکانی پێست کە لەلایەن پسپۆری پێستەوە وەسف دەکرێن.
6- هەندێک لە هەوکردنەکانی غودەی دەرەقی یان قوڕگە گلاند ئەویش پسپۆری نەخۆشی هۆرمۆن و گلاندەکان وەسفەی دەنوسێت.
ئەگەر هەرکەسەو بەبێ ئاگاداری پزیشکی پسپۆر دیکادرۆن یان هایدرۆکۆرتیزۆن بۆ ماوەیەک بۆ نەخۆش بنوسێت و بەکاری بێنێت چی ڕو دەدات؟
1- لەوانەیە توشی دابەزینی بەرگری ببێت و هەوکردنی بەکتریایی و کەڕویی توش ببێت.
2- لەوانەیە زەخت و شەکرەی بەو هۆکارەوە بەرز ببێتەوە.
3- لەوانەیە ئێسکەکانی توشی داخوران و لاواز بون ببن.
4- لەوانەیە توشی هەڵچونی دەرونی و جۆرێک لە شێت بون ببێت.
5- لەوانەیە توشی دڵ توندی و خەمۆکێ ببێت و ببرێتە لای پزیشکی دەرونی
6- لەوانەیە توشی برینی دوازدەگرێ و گەدە ببێت و هەمیشە ژان و دڵەکزێی هبێت
7- لەوانەیە توشی زیادبونی کێشی لەش و قەڵەوی ببێت
8- لەوانەیە پێستەی ناسک و سور هەڵبگەڕێت و پەڵەی سوری لێ دەربکەوێت
9- لەوانەیە توشی دەو کولی کەڕویی ببێت و خواردنی بۆ نەخورێت.
10- لەوانەیە توشی بێهێزی ماسولکەیی ببێت و نەتوانێت بەخۆی هەڵسێتە سەر پێ.