راچڵەكین-
كۆنگرەی نێودەوڵەتیی گێڕانەوەی پارە بەتاڵانبراوەكانی عیراق كە لە رۆژانی ١٥-١٦ی ئەیلوول لە بەغدا بەڕێوەچوو، بە دەركردنی ١٨ راسپاردە كۆتایی بە كارەكانی هات.
رۆژی چوارشەممە ١٥ی ئەیلوولی ٢٠٢١، كۆنگرەی نێودەوڵەتیی گێڕانەوەی پارە بەتاڵانبراوەكانی عیراق بەچاودێریی سەرۆكوەزیرانی عیراق، مستەفا كازمی و بەشداریی ئەمینداری گشتیی كۆمكاری عەرەبی، ئەحمەد ئەبو غێت و ژمارەیەك لە وەزیرانی دادیی وڵاتان، یاساناسان و دەستەكانی بنبڕكردنی گەندەڵیی دەستی پێ كرد.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی كە لە وەزارەتی دادی عێراق بڵاوكراوەتەوە، دوای كۆتاییهاتنی كارەكانی كۆنگرەكە، ١٨ راسپاردە دەركراون كە لەنێویاند "پەلەكردنی لە كاراكردنی رێكەوتنە نێودەوڵەتییەكان و رێكەوتنی نێوان وڵاتانی عەرەبیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی كە لە هەردوو ساڵانی ٢٠٠٣ و ٢٠١٠ واژوو كراون.
هاوكات راسپاردە كراوە بە كاركردن بۆ دۆزینەوەی رێكاری نوێ بۆ پرسی گێرانەوەی پارە بەتاڵانبراوەكان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لەرێگەی هەماهەنگیی لەنێوان وڵاتانی عەرەبییدا.
هەروەها جەخت لەسەر بنیاتنانی متمانە لەنێوان وڵاتانی داواكار و ئەو وڵاتانەی كە پارەكانیان تیادا هەڵگیراوە كراوەتەوە بەو پێیەی متمانە ئامرازێكە بۆ بەهێزكردنی ئیرادەی سیاسیی.
هەر لەنێو راسپاردەكاندا جەخت لە هاندان بۆ واژووكردنی رێكەوتی دوو قۆڵی لەنێوان وڵاتان كراوە و لەمبارەیەوە داوا لە بانكی عەرەبی كراوە بۆ ئامادەكردنی نموونەی ئەو رێكەوتنانە.
هاوكات راسپاردە كردووە بە سوود وەرگرتن لە كارەكانی تیمەكانی حكوومی و كەسانی خاوەن ئەزموون لە رێگەی نووسینگەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان تایبەت بە گێڕانەوەی پارە و سامانی بەدەست هاتوو بە رێگەی ناشەرعی.
كۆنگرەكە جەختی لە كاركردن لەسەر بنەمای نیازپاكی لە جێبەجێكردنی پابەندییە یاساییەكانی لە بواری گێڕانەوەی پارەی دزراو كردووەتەوە.
بڕیارە ئەو راسپاردانە بەرزبكرێنەوە بۆ نووسینگەی جێبەجێكاری ئەنجوومەنی وەزاری وەزیرانی دادی وڵاتانی عەرەبی و وێنەیەكیشی ئاراستەی نووسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر و تاوانەكان بكرێت.