بافڵ تاڵەبانی پیرۆزبایی لە وەزیرە كوردەكەی بەریتانیا دەكات

کوردستان

17/09/2021     ژمارەی بینراو 181

راچڵەكین –

بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی نەدیم زەهاوی وەزیری نوێی پەروەردەی بەریتانیا دەكات و بەدۆستی دێرینی خۆی وەسفی دەكات.

هاوسەرۆكی یەكێتی لەپەیامەكەیدا بۆ نەدیم زەهاوی، دەستنیشانكردنی بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری پەروەردەی بەریتانیا، بە مایەی شانازییەكی گەورە بۆ كوردستان و گەلی كورد وەسفدەكات و دەشڵێت: ھیوادارم لە ئەركە نوێیەكەتدا وەك هەمیشە بەسەركەوتوویی بتبینم و كاركردن لەپێناو دۆزی كورد و كوردستانیش كاری لەپێشینەت بێت.

دەقی پەیامەكە:

ھاوڕێم نەدیم زەهاوی

‎بەبۆنەی دەستنیشانكردنی بەڕێزتان وەك وەزیری پەروەردەی بەریتانیا، گەرمترین پیرۆزباییت لێدەكەم و شانازییەكی گەورەیە بۆ كوردستان و خەڵكە خۆشەویستەكەی.

‎هەوڵ و كۆششی بێسنووری ئێوە لە ڕابردوودا لەبەرامبەر بەرپرسیارێتییە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان و پشتیوانیكردنی دۆزە ڕەواكانی گەلەكەمان، جێگەی پێزانین و ستایشی ئێمەیە.

‎وەك دۆستێكی دێرینم ھیوادارم لە ئەركە نوێیەكەشتدا وەك هەمیشە بەسەركەوتوویی بتبینم و ماندوونەناسانە لەخزمەتكردن بەردەوام بیت. بێگومان كاركردن لەپێناو  دۆزی كورد و كوردستانیش كاری لەپێشینەت بێت.

‎بافڵ تاڵەبانی 
‎ھاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن