دەزگای زانیاری: تاوانباری تاوانەكانی ئەم چەند رۆژە دەستگیركرا

کوردستان

18/09/2021     ژمارەی بینراو 604

راچڵەكین-

بەرپرسی دەزگای زانیاریی و پاراستن\زانیاری ئاشكرایكرد "تاوانباری تاوانەكانی ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو دەستگیركرا" كە مەبەست لێی كوژرانی بەرپرسێكی پەكەكە و هەوڵی تیرۆركردنی بەرپرسێكی تریانە.  

ئەژی ئەمین، ئەمڕۆ شەممە، لەهەژماری تایبەتی خۆی بڵاویكردووەتەوە:" تاوانباری تاوانەكانی ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو دەستگیركرا و ڕاپێچی بەردەم یاسا كرا. بەزووترین كات بەڵگەكان و دانپێدانان دەخرێتە بەردەم ڕای گشتی."  

هەروەك نوسیوویەتی: "ڕیسوایی بۆ تێكدەرانی ناوماڵی كورد، دەستخۆشی بۆ شێرەكوڕانی ئاسایش و دژەتیرۆر و پۆلیس".

پێشتریش، بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژە تیرۆر لەراگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردبوو:" كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بەگشتی و جەماوەری شاری سلێمانی خۆشەویست لەوە دڵنیا دەكەینەوە بە پاڵپشتی دۆكۆمێنت و زانیاری تایبەت سەرەداوی ووردمان دەربارەی ئەو ڕوداوانە دەستكەوتووە، پاش یەكلاكردنەوە و پشتڕاستكردنەوەیان بەبەڵگەوە بۆرای گشتیی كوردستان بڵاویان دەكەینەوە."

"هەروەها جەخت دەكەیەنەوە لەوەی شاری سلێمانی هەمیشە وەك لانكەی فرەدەنگی و ئارامی دەمێنێتەوە هیچ پیلانگێڕییەك سلێمانی و دەزگا ئەمنییەكانی بەلاڕێدانابات. "

ئەوەش لەكاتێكدا دێت، دوێنێ هەینی، یاسین بولوت ناسراو بە(شوكری سەرحەد) ئەندامی كۆمیتەی ماڵباتی شەهیدانی پەكەكە، كە ماوەیەك بوو، بەهۆی كێشەی تەندروستیی، هاتبووە شاری سلێمانی، لەلایەن ژمارەیەك چەكدارەوە كە میدیای پەكەكە بە " میت"ی ناساندون، لەگەڕەكی چوارچرا كوژرا.

یاسین بولوت ساڵی 1957 لە شاری قەرسی باكووری كوردستان لەدایك بووە، ساڵی 1978 پەكەكەی ناسیوە و لە كاتی كودەتاكەی 12ی ئەیلولی 1980ـدا لە توركیا دەستگیركراوە و لە زیندانی ئامەد زیندانی كراوە.  

یاسین بولوت ساڵی 1991 روو لە چیاكانی كوردستان دەكات، ماوەی 15 ساڵیشە وەك ئەندامی كۆمیتەی شەهیدانی پەكەكە لە باشووری كوردستان كاری كردووە.  

بەپێی میدیای پەكەكە، شوكری، لە ئەنجامی ئەشكەنجەی زینداندا، كێشەی تەندروستیی بۆ دروست بوو و ماوەیەك بوو، بۆ چارەسەریی ئەو نەخۆشییانە هاتبووە شاری سلێمانیی.  


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن