ئێران داوا لەزیارەتكارانی دەكات سەردانی هەرێمی كوردستان نەكەن

عێراق

18/09/2021     ژمارەی بینراو 180

راچڵەكین-

باڵیۆزی ئێران لەعیراق رایگەیاند، بەگوێرەی رێككەوتنی نێوان هەردو حكومەتی تاران و بەغدا، زیارەتكارانی ئاینی بۆ بەشداریكردن لە چلەی ئیمام حسێن تەنها لەرێگەی گەشتی ئاسمانییەوە بەبێ وەرگرتنی ڤیزا دەتوانن سەردانی كەربەلا بكەن، بۆیە داوا دەكەن هیچ كەسێك لەرێگەی سنورەكانی هەرێمی كوردستانەوە نەچێتە عێراق چونكە روبەڕوی گرفت دەبێتەوە.

ئیرەج مەسجدی، بەمیدیاكانی وڵاتەكەی راگەیاندووە:" دەبێت سەرجەم زیارەتكارانی ئاینی ئێران لەرێگەی گەشتی ئاسمانییەوە بێنە عیراق، ئەوەش لەسەر بنەمای رێككەوتنی هەردوو حكومەتی عیراق و ئێران، بەڵام گەشتیاران دوای  بەشداریكردن لە چلەی ئیمام حسێن دەتوانن لەرێگەی دەروازەی مهران بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەكەیان."

ئاماژەی بەوەشكردوە:"داوا لە زیارەتكارانی ئاینی دەكەن لەرێگەی دەروازەی هەرێمی كوردستان نەیەن بۆ عیراق، چونكە لەو كاتەدا لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی عیراق روبەڕوی گرفت دەبنەوە و ناتوانن بەشداری مەراسیمەكە بكەن."

بەرپرسانی ئێران هۆشداریان داوە بە هاوڵاتییانی وڵاتەكەیان كە حكومەتی عێراق بەگوێرەی یاسا دەتوانێت ئەو گەشتیارانە بگەڕێنێتەوە كە لەدەرەوەی رێكارە فەرمییەكان دێنە ناو خاكی عیراق.

12ی ئەم مانگە نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، لەكۆبونەوەی نێوان  ئیبراهیم رەئیسی و مستەفا كازمیدا پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا-تاران و فراوانكردنی پەیوەندییە ئابورییە و بازرگانییەكان تاوتوێ كراون، هەروەها عیراق بڕیاریدا ڤیزای گەشتكردن لەرێگەی فڕۆكەخانەكانەوە لەسەر گەشتیارانی ئاینی هەڵبگرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن