حكومەتی عیراق: لێك تێگەیشتنمان لەگەڵ توركیا لە بواری ئاودا كارا كردووەتەوە

عێراق

18/09/2021     ژمارەی بینراو 168

راچڵەكین-

وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عیراق، ئاشكرای كرد، لە رێگای كاراكردنی لێك تێگەیشتنیان لەگەڵ توركیا، عیراق بەتەواوی پشكی ئاوی خۆی وەردەگرێت.

مەھدی رەشید حەمدانی لە كۆنگرەی ئاسایشی ئاو رایگەیاندووە، توانیویانە یاداشتنامەی لێك تێگەیشتن لەگەڵ توركیا كارا بكەنەوە كە لە ساڵی 2009 واژوو كراوە و دواتر لە ساڵی 2014دا ھەموار كراوەتەوە و وتوویەتی:"لە رێگای كارا كردنی لێك تێگەیشتنەكە، عێراق بەتەواوی پشكی ئاوی خۆی وەردەگرێت".

راشیگەیاندووە: "لیژنەیەكی ھاوبەش بۆ ھەماھەنگیی لە پرسی ئاودا لەگەڵ توركیا پێكھێنراوە كە بارەگای لیژنەكە لە عێراقە".

حەمدانی ئاماژەی بەوەیش داوە، ئەو ئاوەی كە لە ئێرانەوە دێت، ئەگەر رێژەكەی ١٥ لە سەدا بێت، ئەوا كاریگەریی لەسەر پارێزگای دیالە دەبێت، چونكە پارێزگاكە بە تەواوەتی پشت بە ئاوی ئێران دەبەستێت و رایگەیاندووە:"قەیرانی ئاو، تەنھا قەیرانی وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاو نییە، بەڵكو قەیرانی وڵاتە و ئومێد دەیكەین ھەمووان ھەوڵی زیاتر بدەن بە ئامانجی چارەسەر كردنی".

وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عیراق باسی لەوەش كردووە كە مامەڵە كردن لەگەڵ دۆسیەی ئاو زۆر ھەستیارە و رایگەیاندووە: "بە ھاوبەشی لەگەڵ سەرجەم دامەزراوەكانی دەوڵەت، پلانێكی ستراتیجیمان تایبەت بە ئاو تا ساڵی ٢٠٣٥ داناوە، بەڵام جێبەجێ كردنی پلانەكە پێویستی بە بودجەیەكی زۆرە".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن