دوای دوومانگ تۆمەتبارێکی خەڵکی هەولێر لەسەنگەسەر خۆی رادەستی پۆلیس کرد

کوردستان

18/09/2021     ژمارەی بینراو 214

راچڵەکین-

پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، دوای ئەوەی لە مانگی تەمموزی ئەمساڵدا کەسێک تەقەی لە ماڵی هاووڵاتییەک کردبوو و ژنێکی کوشتبوو و دووانی دیکەی بریندارکردبوو و هەڵهاتبوو، ئەمڕۆ خۆی رادەستی پۆلیس کرد.

بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین بڵاویکردووەتەوە، دوای ئەوەی ڕۆژی 22/7 ئەمساڵ لە ناحیەی سەنگەسەر سەر بە قەزای پشدەر (قەڵادزێ) لەلایەن تۆمەتبارێک بە چەکی جۆری کڵاشینکۆف تەقە لە ماڵی هاووڵاتییەک کرا و بەو هۆیەوە ژنێک کوژراو دوو کەسی تری بریندار کرد تۆمەتبار ڕایکرد بۆ شوێنێکی نادیار.

پۆلیس دەشڵێت:"دوای ڕووداوەکە بە بڕیاری دادوەر و بە ماددەی 406 لە یاسایی سزادانی عیراقی فەرمان کرا بە دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە، بەهۆی ئەوەی تۆمەتبار دانیشتوی پارێزگای هەولێرە بنکەی پۆلیسی سەنگەسەر بەنوسراوێک داوای لە پۆلیسی هەولێر کرد بە دەستگیرکردنی، بەڵام بەهۆی نەبونی زانیاری لەسەر شوێنی خۆحەشاردانی نەتوانراوە دەستگیر بکرێ و دوای نزیکەی 2 مانگ تۆمەتبار خۆی ڕادەستی هێزەکانمان لە بنکەی پۆلیسی ناحیەی سەنگەسەر کرد".

تۆمەتبارەکە ناوی ( ح . ش ) دانیشتووی هەولێر، لە دایک بووی ساڵی 1972، پیشەی کاسبە، تاوانەکەشی لە جەژنی قوربانی ئەمساڵ ئەنجامداوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن