یەکێتی ئەوروپا: لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئاگاداری نیگەرانییەکانى خەڵکین

کوردستان

18/09/2021     ژمارەی بینراو 232

راچڵەکین-

نێردەى یەکێتى ئەوروپا بۆ چاودێرى هەڵبژاردنى عیراق رایگەیاند، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئاگادارى بۆچون و نیگەرانیەکانى خەڵکین. 

ڤیۆلا ڤۆن کرامۆن، نێردەی یەکێتی ئەورووپا بۆ چاودێریکردنی ھەڵبژاردنەکانی عیراق،  لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە شاری هەولێر رایگەیاند، هەڵبژاردنی ١٠ی تشرینی یەکەم وەکو ھەڵبژاردنێکی مێژوویی سەیر دەکەن، دوو تیمی چاودێری لە چاودێری پڕۆسەکە دەکەن، کە تیمی درێژخایەن و تیمی کورتخایەنن، جەختی لەوەیشکردەوە کە، بەگشتی ٨٠ چاودێرییان دەبێت لە پڕۆسەی ھەڵبژاردندا.

ڤیۆلا ڤۆن کرامۆن وتیشی: ''دەکرێت ئەم پڕۆسەیە وەکو ھەڵبژاردنێکی مێژووی سەیر بکرێت لە لایەن ھەردوولامان و ئەمە یەکەم نێردەی یەکێتیی ئەورووپایە بۆ چاودێریی پڕۆسەکە و لە کۆبوونەوەکانماندا جەختم لە گرنگی ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ساڵی ٢٠٢٠ - ٢٠٢١ کردووەتەوە''.

ئاماژەی بەوەشکرد: ''ھیوادارین رێژەیەکی بەرچاوی دەنگدەر ببینین لە بەشدارییکردنییان لە پڕۆسەی ھەڵبژاردن و بوونی ئێمەیش وەک نێردەی یەکێتیی ئەورووپا، زیاتر متمانەی ھاووڵاتییان بە پڕۆسەکە نیشاندەدات و ئێمە تەنھا بۆ چاودێرییکردن و ھەڵسەنگاندن لێرەین، نێردەی یەکێتیی ئەورووپا بۆ چاودێری ھەڵبژاردن سەربەخۆیە و بێلایەنە، دەست وەرنادات لە کاروباری ھەڵبژاردن، نێردەی یەکتیی ئەورووپا ھەڵسانگدنێکی فرە رەھەند بۆ کۆی گشتی پڕۆسەکە دەکات لە پێش ھەڵبژاردن و لەکاتی ھەڵبژاردن و دوای پڕۆسەکەش''.

راشیگەیاند:''ئێمە ھەڵسەنگاندن بۆی کاری میدیایی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دەرئەنجامی ھەڵبژاردنەکان دەکەین، بە دڵنیایەوە لە ٢٨ی ئاب بە تیمکی ١٢ کەسی گەیشتوونەتە عێراق لەگەڵ ٢٠ چاودێری درێژخایەن کە بڵاوەیان پێ دەکرێت بەسەرشوێنەکاندا، بەڵام بە گشتی ٨٠ چاودێرمان دەبێت''.

بڕیارە ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ بەڕێوەبچێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن