سەربەست لەزگین: رێککەوتنی شنگال وەک پراکتیک جێبەجێ نەکراوە

کوردستان

18/09/2021     ژمارەی بینراو 79

راچڵەکین-

بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان،  رایگەیاند، رێککەوتنی شنگال وەک پراکتیک جێبەجێ نەکراوە، بەڵام ئامادەییەک لە لایەنی عیراقی بۆ ئەو بابەتە ھەیە.

سەربەست لەزگین کە بەسەرۆکایەتی شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە لە ئەمریکایە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە واشنتنی پایتەخت بۆ بەشێک لە میدیاکان دوا و رایگەیاند،
ھەنگاوەکانی پێکھێنانی بنکەکانی ھەماھەنگی ھاوبەش لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و پێکھێنانی دوو لیوای ھاوبەش لە سوپای عێراق و ھێزەکانی پێشمەرگە قۆناغێکی باشی بڕیوە.

بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان لە بارەی کردنەوەی بنکەکانی ھەماھەنگیی ھاوبەش لەنێوان سوپای عیراق و هێزەکانی پێشمەرگە، رایگەیاند: "بنکەکانی ھەماھەنگیی ھاوبەش، ماوەیەکی کەمە لە (خانەقین، کەرکووک، مەخموور و رۆژئاوای مووسڵ) پێکھێنراون، دوو ناوەندە سەرەکییەکەی لە ھەولێر و بەغداش چالاک کراونەتەوە، ماوەیەکە دەستبەکارن".

"ئەو دوو ناوەندە، پێکدێن لە تیمێک لە ئەفسەرانی ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی بەرگریی عیراق کە کار دەکەن بۆ دروستکردنی دوو لیوای ھاوبەش، بۆ پاراستنی ئەو ناوچانەی، کە لە نێوان ھەرێمی کوردستان و عیراق تەماسن، ئەگەر بابەتی ھەڵبژاردنی ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ نەبوایە، کارەکانی دروستکردنی ئەو دوو لیوایە لە ئێستادا تەواو دەبوون".

دەشڵێت:" رێککەوتنی شنگال وەک پراکتیک جێبەجێ نەکراوە، بەڵام ئامادەییەک لە لایەنی عیراقی بۆ ئەو بابەتە ھەیە، جیا لەوەش گرووپێک لە حەشدی شەعبی پاڵپشتی ئەو چەکدار و میلیشیایانە دەکەن، کە تا ئێستا لە شنگالن، پێویستە حکوومەتی عیراقی ئەوان لەوێ دەربکات و ئاوارەکانی شنگال بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن