ئێران دواین هەڵوێست لەبارەی گەڕانەوە بۆ دانوستانەكانی رێككەوتنی ئەتۆمی رادەگەیەنێت

جیهان

05/10/2021     ژمارەی بینراو 291

راچڵەكین –

وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ گەڕانەوە بۆ دانوستانەكانی تایبەت بە رێككەوتنی ئەتۆمی دەردەبڕێت، وتەبێژی وەزارەتەكەش دەڵێت: حكومەت لەو ھۆكارانە دەكۆڵێتەوە كە لە گەڕەكانی رابردوودا بووەنەتە ھۆی نەگەیشتن بە ئەنجامی قایلكەرو واژوونەكردنی بەڵگەنامەیەك كە جێی رەزامەندی ھەمووان بێت.

سەعید خەتیب زادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە لێدوانیكدا بۆ دەزگاكانی راگەیاندنی فەرەنسا، هەموو لایەكی دڵنیاكردەوە كە تاران دەگەڕێتەوە بۆ دانوستانەكانی رێككەوتنی ئەتۆمی، وتیشی:" مێژوو دەستكەوتی قۆناغی دیراسەكردن و خستنەڕووی دەرەنجامەكانی پێشووی ئەو دانوستانانە دیاریی دەكات".

خەتیب زادە، روونیكردەوە كە تاوتوێكردنی ئەنجامی دانوستانەكانی پێشوو، لەگەڵ دەستبەكاربوونی حكومەتی نوێی ئێران بە سەرۆكایەتی ئیبراهیم رەئیسی، دەستی پێكردووە، دیراسەكەش بە دوو قۆناغ دەكرێت، قۆناغی یەكەم جێبەجێكراوەو بڕیاری یەكلاكەرەوەی خۆمان لەبارەی گەڕانەوە بۆ دانوستانەكانی ڤیەننا لەگەڵ وڵاتانی كۆمەڵەی 4+1 راگەیاندووە، قۆناغی دووەمی دیراسەكەش تاوتوێكردنی ئەنجامەكانی پێشووە كە تاوەكو ئێستا جێبەجێ نەكراوە و لەمیانیدا وردەكاریی شەش گەڕی دانوستانەكان لەگەڵ حكوومەتی پێشوو ئەنجامدراوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، جەختی لەوەشكردەوە كە حكومەتی نوێی وڵاتەكەی سوورە لەسەر كاركردن لەسەر بۆشاییەكان، تاوەكو لەم قۆناغەدا جێبەجێ دەبێت.

راشیگەیاند، حكوومەت لەو ھۆكارانە دەكۆڵێتەوە كە لە گەڕەكانی رابردوودا بووەنەتە ھۆی نەگەیشتن بە ئەنجامی قایلكەر و واژوونەكردنی بەڵگەنامەیەك كە جێی رەزامەندی ھەمووان بێت.

لەمانگی نیسانی ئەمساڵ، چەند كۆبوونەوەیەك لەنێوان ئێران و وڵاتانی كۆمەڵەی 4+1 لەشاری ڤیەننای پایتەختی نەمسا بەڕێوەچوو بەمەبەستی گەیشتن بە رێككەوتنێك سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران، بەڵام بەهۆی پێداگیری ئێران لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ئەو ئاستەی كە خۆیان مەبەستیانە، كۆبوونەوەكان هیچ ئەنجامێكیان لێنەكەوتەوە.  

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن