محەمەد عوسمان: لەئاست یاسا ملمان لە موو باریكترە

کوردستان

14/10/2021     ژمارەی بینراو 356

راچڵەكین –

محەمەد عوسمان لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی، لەبارەی رووداوەكەی شەوی رابردووی دەروازە سیتی، كە كوڕەكەی بە فیشەك كارمەندێكی سكیوریتی كوشت، دەڵێت: بەدەستی خۆم كوڕەكەم رادەستی یاسا كردو لەئاست یاساو داواكاری كەسوكاری گەنجە كوژراوەكەش، ملمان لە موو باریكترە.

محەمەد عوسمان، لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵەكانی راگەیاند، نیگەرانی قووڵی خۆی بەرامبەر تاوانی كوڕەكەی دەربڕی، كە شەوی رابردوو لە پرۆژەی نیشتەجێبوونی دەروازە سیتی لە سلێمانی، بە فیشەك گەنجێكی كوشت، كە كارمەندی سكیوریتی پرۆژەكە بوو، وتیشی:" كوڕەكەم لەدوای 12ی شەو دەرچووەو ئەم رووداوەی لێكەوتووەتەوە، لەدوێنێشەوە ئێمە بەدوایدا دەگەڕێین كە لە ترسا خۆی شاردبووەوە، ئەمشەو دۆزیمانەوەو پێش ئەوەی رادەستی یاسای بكەین، تەلەفۆنمان بۆ كەسوكاری گەنجە كوژراوەكە كردو پێمان وتن كوڕەكەمان بە دەست و قاچ بەستراوی بۆتان دەهێنین و چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەكەین بیكەن".

راشیگەیاند، بەڵام ئەوان بەو داوایەی ئێمە قایل نەبوون و وتیان تەنها دەمانەوێت رادەستی یاسای بكەن، ئێمەش ئەمڕۆ بە ئەركی سەرشانی خۆمان زانی كە رادەستی یاسای بكەین، ئەو یاسایەی كە پێمان وایە لەهەموومان گەورەترەو سەروەریی هەموو لایەكمانە، كە بەخوێن دروستمان كردووەو دەبێ بە خوێنیش بیپارێزین.

ئەو بەپرسەی یەكێتی، رووداوەكەی بە برینێكی زۆر قوڵ و بەئازار وەسفكرد كە زۆر خەمباری كردوون، وتی:" بریا كوڕەكەی من كوژرابا نەك ئەو گەنجە، بەدرێژایی 40 ساڵ تەمەنی پێشمەرگایەتیم، تا ئێستا رووداوێكی لەو شێوەیە لە خێزانەكەی ئێمە رووی نەداوە".

جەختی لەوەشكردەوە كە "بەهەموو شێوەیەك ملكەچی یاسا دەبین و كەسوكاری گەنجە كوژراوەكەش چی بڵێن ئێمە ملمان لە موو باریكترە".

محەمەد عوسمان ئاماژەی بەوەكرد كە كوڕەكەی خوێندكاری قۆناغی دووەمی كۆلێژی پزیشكییەو تائێستاش نازانێت رووداوەكە چۆن روویداوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن