شەڕوپێكادانەكانی لوبنان ژمارەیەك كوژراوو برینداریان لێكەوتەوە

جیهان

15/10/2021     ژمارەی بینراو 196

راچڵەكین-

حكوومەتی لوبنان رایگەیاند، دوای پێكدادانە چەكدارییەكەی بەیروتی پایتەخت كە شەش كوژراو و 32 برینداری لێكەوتەوە، بڕیار دراوە ئەمڕۆ هەینی سەرجەم قوتابخانە و زانكۆ حكوومی و تایبەتەكان دابخرێن.

عەباس حەلەبی، وەزیری پەروەردە و خوێندنی باڵای لوبنان، لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت: "رۆژی هەینی سەرجەم قوتابخانە پیشەییەكان، پەیمانگا و زانكۆ حكوومیی و تایبەتەكان دادەخرێن".

عەباس حەلەبی راشیگەیاند، بڕیارەكە لەسەر فەرمانی سەرۆكوەزیرانی لوبنان، نەجیب میقاتی بووە بۆ داخستنی تەواوەتی لە رۆژی هەینیدا، ئەمەش وەك رێزگرتن و ماتەمینییە بۆ گیانی ئەو كەسانەی كە لە ئەنجامی رووداوەكانی رۆژی پێنجشەممە لە بەیروت گیانیان لەدەستداوە.

دوێنێ لە ناوچەی تەیونە (كە دانیشتووانەكەی شیعە و كریستیانن) رووبەڕووبوونەوە لەنێوان لایەنگرانی حیزبوڵڵا و بزووتنەوەی ئەمەل  و هێزە ئەمنییەكان روویاندا كرد لەو كاتەی كە خۆپیشاندانێكیان بۆ ئیدانەكردنی بڕیارەكانی لێكۆڵەری دادیی لە دۆسیەی تەقینەوەكەی بەندەری بەیروت، ئەنجام دەدا.

بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، لەو پێكدادانەدا شەش كەس كوژراون و 32 كەسی دیكەش بریندار بوون كە دۆخی دوو كەسیان مەترسیدارە.

هەریەك لە حیزبوڵڵا و بزووتنەوەی ئەمەل، گرووپە چەكدارەكانی پارتی هێزەكانی لوبنان سەربە سەمیر جەعجەع بە كوشتن و برینداركردنی لایەنگرانیان لە كاتی خۆپیشاندانەكەدا تۆمەتبار كرد.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن