ئەمریكا پاسەوانێكی تایبەتی بن لادن لە گوانتانامۆ ئازاد دەكات

جیهان

15/10/2021     ژمارەی بینراو 274

راچڵەكین-

ئەمریكا رەزامەندی نیشاندا لە ئازادكردنی دوو لەزیندانیان گوانتانامۆ كە یەكێكیان پاسەوانی تایبەتی (ئوسامە بن لادن)ی رابەری پێشووی رێكخراوی قاعیدەیە.

هەریەك لە ( سەنەد كازمی) بەرەگەز یەمەنی و (ئەسەدوڵا هارون غۆل)ی ئەفغانی، رۆژی 7ی ئەم مانگە لەلایەن ئەنجوومەنی پێداچوونەوەی گوانتانامۆ، بەڵگەنامەی ئازادكردنیان پێدراوە.

سەنەد كازمی تەمەن 51 ساڵ، پاسەوانی تایبەتی بن لادن بووە، بەڵام دوای دەستگیركردنی لەلایەن دەزگای هەواڵگری ئەمركیا ( سی ئای ئەی) لە 2004 وە و گواستنەوەی بۆ گوانتانامۆ، تا وادەی ئازادكردنی، دادگایی نەكراوە.

هەرچەندە لەماوەی رابردوودا ئەمریكا ئامادەنەبوو كازمی ئازاد بكات، بەڵام وەك لەبەلگەنامەی ئازادكردنیدا هاتووە:" لەناو رێكخراوی قاعیدەدا رۆڵی سەركردایەتی نەبووە ماوەیەكی دیاریكراو لەگەڵ رێكخراوەدا كاریكردووەو لەئێستادا پەشیمانە لە كارەكانی رابردووی."

هەرچی (ئەسەدوڵا غول)ی تەمەن 40 ساڵە، لەساڵی 2007 دا دەستگیركراوەو پێشتر فەرماندەی گروپێكی چەكداری توندڕەو بووەو بەیەكێك لە تیرۆرستە مەترسیدارەكان ناسێندراوە.

لەئێستا لەكۆی 39 تۆمەتبار، 12 زیندانیكراو لە گوانتانامۆ بڕیاری ئازادكردنیان بۆ دەركراوەو 27 كەسیان ماونەتەوە، لەو ژمارەیە 10 یان لەنێویاندا پلانداڕێژەری هێرشەكانی 11ی سێبتێمبەر ( خالد شێخ محەمەد) چاوەرێی دادگاییكردنیان دەكەن كەلەماوەی دوو دەیەی رابردوودا تەنها دوو پرسی یەكلا كردووەتەوەو بڕیاری لەبارەیانەوە داوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن