لوبنان.. رێژەی كۆچكردنی هاووڵاتیان روو لە هەڵكشان دەكات

جیهان

18/10/2021     ژمارەی بینراو 167

راچڵەكین -

بەهۆی قوڵبوونەوەی قەیرانی دارایی لە لوبنان و بەرزبوونەوەی رێژەی هەژاری لەو وڵاتە، دیاردەی كۆچكردن رووی لە هەڵكشان كردووەو بەگوێرەی ئامارێكیش، لە چوار مانگی یەكەمی ئەمساڵدا، 230 هەزار كەس بۆ دەرەوەی لوبنان كۆچیان كردووە.

بەڕێوەبەری رێكخراوی كۆمەڵی مەدەنیی لابۆرا كە لە كۆچ دەكۆڵێتەوە، تۆنی هاردا رایگەیاند، بەهۆی كێشە جیاوازەكانی لوبنانەوە، لە سەروویانەوە قەیرانی دارایی، لەماوەی چوار مانگی یەكەمی ئەمساڵدا 230 هەزار كەس كۆچیان كردووەو روویان لە وڵاتانی جیهان كردووە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەداوە كە 90%ی ئەو لوبنانییانەی خاوەن رەگەزنامەیەكی دیكەن، لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ چوونەتە دەرەوە، بەڵام زانیاری نەدراوە لەبارەی ئەوەی كە داخۆ ئەم هاووڵاتییە لوبنانییانە چوونەتە چ وڵاتێك.

لوبنان بە تایبەت لە 2019 ەوە بەدەست قەیرانێكی ئابووریی قوڵەوە دەناڵێنێت، ئەمەش بووەتە هۆی دابەزینی بەهای لیرە بۆ نزمترین ئاست لە مێژوویدا، كە لێكەوتەی خراپی لەسەر گوزەران و بژێوی هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە دروستكردووەو توانای دابینكردنی پێداویستییە سەرەكییەكانی رۆژانەیان نەماوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن