لەبارەی وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا لەلایەن مامۆستاو فەرمانبەران بڕیار دەدرێت

کوردستان

20/10/2021     ژمارەی بینراو 182

راچڵەكین-

وەزیری تەندروستی ڕایدەگەیەنێت، لەمەودوابەبێ نۆرەگرتن ڤاكسین دەدرێت بە خەڵك، جەختیش دەكاتەوە ڤاكسین دەكرێتە مەرجی داوامكردنی فەرمانبەران و مامۆستایان.

د. سامان بەرزنجی، ئەمڕۆ چوارشەممە بەمیدیاكانی نزیك لەپارتی راگەیاندووە:" هەوڵ دەدەین و بڕیارە پێكوتە بكرێتە مەرج بۆ دەوامكردنی فەرمانبەران و مامۆستایان".

وتیشی: "ئێستا ژمارەی بنكەكانی پێدانی پێكوتە زیادیان كردووە، بۆیە فشار لەسەر بنكەكان نەماوە و هەر كەسێك بیەوێت، دەتوانێت راستەوخۆ سەردانی بنكەی وەرگرتنی پێكوتە بكات و دەستبەجێ پێی دەدرێت و ناوی دەخرێتە ناو سیستەمی ئەلیكترۆنی، وەكوو پێشووتر پێویست بە نۆرەگرتن ناكات".

سامان بەرزنجی ئەوەشی خستە ڕوو: "ئێستا زیاتر لە یەك ملیۆن و 945 هەزار ژەمە پێكوتەمان دەست كەوتووە، لەو ژمارەیەش یەك ملیۆن و 112 هەزار ژەم بەكار هاتووە، كە زیاتر لە 625 هەزار كەس ژەمی یەكەمیان وەرگرتووە و 410 هەزار كەسیش هەردوو ژەمە پێكوتەكەیان وەرگرتووە".

باسی لەوەش كرد: "لە ڕۆژانی داهاتوودا تیمەكانی گەڕۆك، كە 30 تیمن لە هەموو هەرێمی كوردستان، دەچنە شوێنە قەڵەباڵغەكان، بۆ ئەوەی خۆیان بەناو خەڵكدا بگەڕێن و پێكوتەیان پێ بدەن".

ڕوونیشی كردەوە، كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆڕۆنا دەكرێ، بەڵام باسی كەرەنتینە و داخستنی قوتابخانە و زانكۆكان لەئارادا نییە، وتیشی: "ئێستا كە پێكوتەی دژ بە كۆرۆنا بەردەستە، ناگەڕێینەوە بۆ راگەیاندنی كەرەنتینە‌".

وەزیری تەندروستی وتیشی: “ئێستا كۆرۆنا لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان لە بڵاوبوونەوەدایە، هەرچەند ناتوانین بڵێین ئاستەكەی بەرز بووەتەوە، بەڵام لە هەموو هەرێمی كوردستان رێژەی وەرگرتنی پێكوتە لە نەخۆشخانەكان زیادی كردووە".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن