یەكەم كاروانی كۆچبەران لە سنووری بێلارووسیا دەگەڕێنرێنەوە

عێراق

17/11/2021     ژمارەی بینراو 672

راچڵەكین-

بڕیارە یەكەم كاروانی كۆچبەران كەئێستا لەسەر سنووری نێوان بێلارووسیاو پۆڵەندا گیریان خواردووە، بگەڕێنرێنەوە عیراق.  

ئەركان شیبانی، وەزیری گەیاندنی عێراق رایگەیاند، سبەینێ پێنجشەممە، یەكەم كاروانی كۆچبەرانی سەر سنووری بێلارووس لەڕێی مۆسكۆ-وە دەگەڕێنەوە و حكومەتی عیراقیش تێچووی گەڕانەوەیان لەئەستۆ دەگرێت.

پێشتر ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عیراق رایگەیاندبوو، 300 داواكاری گەڕانەوە لە سنوورەكانی بێلارووس و پۆڵەندا بۆ عیراق تۆمار كراون.

ئەوەش لەكاتێكدا دێت، دوێنێ رووبەڕووبوونەوە لەنێوان هێزی پاسەوانی سنووری پۆڵەنداو كۆچبەراندا دروستبوو.

لەلایەن خۆشییەوە، ئانا میخالسكایا وتەبێژی پاسەوانی سنووری پۆڵەندا، هەڕەشەی بەكارهێنانی چەكی بەرانبەر بە كۆچبەران كرد، ئەگەر لەسەر هەوڵی بەزاندنی سنووری وڵاتەكەی بەردەوام بن.

لەبەرامبەردا فەرحان حەق، وتەبێژی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژەی بەوە كرد، كە هێشتا نەتوانراوە ئەو دەستوەردانە پشتڕاست بكرێتەوە، بەڵام ئەو جۆرە هەڵسوكەوتە هەڵەیەو پێویستە هێز بەرامبەر كۆچبەران بەكارنەهێندرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن