راچڵەکین-
--- کۆمەڵێک زانیاری گرنگ دەربارەی نان:
--- لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بەردەوام باس له زیانەکانی نان دەکرێت وەک هۆکارێکی سەرەکی قەڵەوی و نەخۆشیەکانی تر، وای لێهاتووە کە مرۆڤ بەردەوام بە ترسەوە لە نان بڕوانێت و بە گومانەوە بیخوات یا گەر بتوانێت وازی لێ بێنێت.
١ --- ئەو زیانانەی کە باس کراون بریتین لە زیانەکانی ئاردی سپی واتە ئاردی سفر و هەموو پسپۆڕان کۆکن لە سەر ئەوەی کە پێویستە نان لە ئاردی بۆر دروست بکرێت، چونکە ئاردی بۆر وەک دانەوێڵە تەواوەکان پۆلێن دەکرێت و هەر سێ پێکهاتووەکانی گەنمی تێدایە لە کاتێک دا ئاردی سپی تەنها لە ( Endosperm ) دروست دەکرێت و بەشی زۆری ڕیشاڵ و ڤیتامین و کانزاکانی تێدا نییە.
٢ --- نان بڕێکی زۆری کالۆری تێدا نییە واتە بە تەنها نابێتە هۆی قەڵەوی و زۆری کێش، بەڵام نانێک کە لە ئاردی سپی دروست کرابێت یەکێکە لەو خۆراکانەی کە دەبێتە هۆی قەڵەوی ورگ، هەروەها بە هۆی کەمی ماددە ڕیشاڵیەکان و بەرزی ( glycemic index ) ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە زیاتر ئەکات، ئاردی بۆر و ئاردی گەنمەشامی و شۆڤان و ئاردی جۆ و ئاردی بادام باشترن و مرۆڤ درەنگتر هەست بە برسیەتی دەکات .
٣ --- بڕی ڕێگەپێدراو ڕۆژانە لە ئارد بە شێوەیەکی گشتی بریتییە لە ( 178 گرام )، بەڵام ئەو ڕێژەیە بە پێی جۆری خواردن و پیشە و چالاکی جەستە و ئەنجامدانی وەرزشەوە دەگۆڕێت، واتە ڕۆژانە نزیکەی دوو نانی بازاڕ، بەڵام لە یادمان نەچێت کە خۆراکی تری وەک پیتزا و کێک و ئیشی هەویر و پسکیت ئارد هەیە .
٤ --- لە کوردستانی باشوور نانی بازاڕ بڕی زیاتری لێ دەخورێت کاتێ کە گەرم بێت و نانی تیری و هەورامی کەمتری لێ دەخورێت.
٥ --- ڕێژەیەکی دیاریکراو لە دانیشتووان ماددەی گلوتینی ناو گەنم و جۆیان پێ ناکەوێت و هەرسی ناکەن، لە ئەمریکا ڕێژەی ( % 7 ) دانیشتووان ئەم حاڵەتەیان هەیە واتە زۆرینەی خەڵک ئەو کێشەیان نیە و ئاردی سپی بڕی گلۆتینی زیاتری تێدایە.
٦ --- بوونی ڕەشکەو شمڵی و تۆوەکانی تر لە ناو نانی ئاردی بوور سوودەکانی زیاد دەکات، هەروەها بە کارهێنانی خومرە لە بری سۆددە بژاردەیەکی زۆر تەندروستە.
٧ --- گرنگترین هۆکاری قەڵەوی بریتییە لە خواردنی بڕی زیاتر لە پێویستی لەش لە کالۆری لە ڕۆژێک دا ، خواردنی دەوڵەمەند بە کاربۆهێدراتی ساددەی وەک ئاردی سپی و برنجی سپی و شەکری دروست کراو، شیرینی بڕێکی زۆر لە کاربی تێدایە لە هەمانکاتدا،دەبێتە هۆی زوو برسی بوونەوە، بەڵام ماددە پڕۆتینەکان ماوەیەکی زۆر زیاتری دەوێت تا هەرس دەکرێن و درەنگتر مرۆڤەکە برسی دەبێتەوە، کەس نییە بە نان و ماست یا نان و تەماتە قەڵەوبێت بەڵکو کۆی خۆراکی خوراو و جۆرەکەی بە درێژایی ڕۆژەکە پێویستە ئەژمار بکرێت.
٨ --- لە کۆتایی دا کاتی ئەوە هاتووە کە نانی ئاردی بۆ لە بری نان و سەموونی ئاردی سپی بخورێت ڕۆژانە .
ئامادەکردنی
د. کامەران ڕسوڵ ژاژڵەیی
پسپۆڕی زانستی خۆراک