مەڵاشوو کەوتن هەیە؟

تەندروستی

24/11/2021     ژمارەی بینراو 671

راچڵەکین-

پزیشکێکی پسپۆری نەخۆشیەکانی منداڵان باس لە مەڵاشو کەوتن دەکات و دەڵێت، لە کاتی لە دایکبوونی منداڵدا کۆمەڵێک کون لە ئێسقانی سەردا هەیە کەدیارترین و گەورەترینیان ئەوەیە کە لە بەشی پێشەوەی سەردا هەیەو پێ ی ئەڵێن مەڵاشوو.

د. پشدەر عەبدوڵڵا ئیسماعیل، پزیشکی پسپۆری نەخۆشیەکانی منداڵان، ئاماژە بەوەشدەکات مەڵاشوو قەبارەیەکی دیاری کراوی هەیەو لەماوەیەکی دیاریکراودا دائدەخرێت(۹ -۱۸) مانگ، پێویستە مەڵاشوو تەخت بێت و نیمچە نەرم بێت، هەندێ جار لێدانی هەیە وەک لێدانی خۆین بەر.

سودەکانی مەڵاشوو:
۱-لە کاتی لەدایک بوونی منداڵدا یارمەتیدەر ئەبێت بۆ تێپەربوونی کۆرپەلە بەناو لەشی ئافرەتدا چونکە ئێسقانەکانی سەر ئەچنە سەریەک بەهۆی بوونی ئەو کونانە لەسەردا.
۲-یارمەتیدەر ئەبن بۆ گەورەبوون و گەشەی مێشک ، واتە ئەگەر ئەم کونە زوو دابخرێت و ئێسقانەکان یەک بگرن ، مێشک ناتوانێت لەوە زیاتر گەورە بێت و گەشە بکات.
۳-لەڕێگەی ئەم کونەوە زانیاری لەسەر مێشک لەڕێگەی سۆنەرو ئامێری تری دیاری کردنی نەخۆشی بە ئاسانی وەرئەگیرێت.
٤-پزیشک لەڕێگەی دەست لێدانی ئەتوانێت زانیاری دەست بکەوێت لەسەر پەستانی ناو مێشک، بۆ نمونە ئەگەر چاڵ بوو بێت واتا نەخۆشەکە لەوانەیە ووشک بووبێتەوە، یان ئەگەر دەرچووبێت لەوانەیە پەستانی ناو مێشک زیادی کرد بێت .
٥-ئاگاداربن لەکاتی گریان و پاڵ کەوتن و ڕشانەوە مەڵاشوو بۆ دەرەوە دەرئەچێت.

هەندێ کەس لە کاتێکدا کە مەڵاشوو ئەچێت بەناوەوە و چاڵ ئەبێت لەکاتی ووشک بوونەوەدا پەستان ئەخەنە سەر بەشی سەرەوەی ناو دەم، وا دەزانن مەڵاشووی منداڵەکەیان کەوتووەو بەوە دەیهێننەوە، بەڵام نازانن کە ئێسقانێکی زۆر پتەو لەنێوان دەم و مێشکدا هەیە کە بەهیچ شێوەیەک ئەو پەستانە کاریگەری نییە، بەڵکوو تەنها ئازاری منداڵەکە ئەدات.
مەڵاشوو بە هیچ شێوەیەک ناکەوێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن