كۆمیسیۆن دوایین تانەكان رەوانەی دەستەی دادوەریی ھەڵبژاردنەكان دەكات

عێراق

28/11/2021     ژمارەی بینراو 269

راچڵەكین-

كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكان لە عێراق رایگەیاند، دوایین تانەكان كە لە ئەنجامە بەراییەكانی ھەڵبژاردنەكان دراون، رەوانەی دەستەی دادوەریی ھەڵبژاردنەكان دەكات.

عیماد جەمیل، ئەندامی تیمی راگەیاندن لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكان لە عێراق، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا رایگەیاندووە، ئەمڕۆ كۆمیسیۆن، دوایین تانەكان رەوانەی دەستەی دادوەریی ھەڵبژاردنەكان دەكات و وتی: "كۆمیسیۆن ھەروەھا ئەنجامەكانی دووبارە ژماردن و جیاكردنەوەی دەنگەكان بۆ سەرجەم وێستگە تانەلێدراوەكانی رەوانەی دەستەی دادوەریی كردووە".

عیماد جەمیل ئاماژەی بەوەشدا:"ھەر بڕیارێك لەلایەن دەستەی دادوەریییەوە لەبارەی تانەكانەوە دەربكرێت، ئەوا كۆمیسیۆن و ئەو لایەنە سیاسیانەی كە تانەیان پێشكەش كردووە، پێوەی پابەند دەبن و گوتی: "چاوەڕوانی بڕیارەكانی دەستەی دادوەریی دەكەین لەبارەی ئەنجامدانی دووبارە ژماردەن و جیاكردنەوەی دەنگەكان بەدەست یان رەتكردنەوەی تانەكان".

رۆژی پێنجشەممەی ھەفتەی رابردوو، كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكان لە عێراق رایگەیاندبوو كە لەسەر بڕیاری دەستەی دادوەریی بۆ ھەڵبژاردنەكان، پرۆسەی دووبارە ژماردن و جیاكردنەوەی دەنگەكان بەدەست بۆ سەرجەم وێستگە تانەلێدراوەكان ئەنجامداوە.

پێشتریش كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكان لە عێراق رایگەیاندووە كە دوای یەكلاییكردنەوەی سەرجەم تانەكان لەلایەن دەستەی دادوەرییەوە، ئەنجامە كۆتاییەكانی ھەڵبژاردنەكان رادەگەیەنێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن