ئەنجامی لێكۆڵینەوە لە هێرشكردنە سەر ماڵی كازمی ئاشكرا دەكرێت

عێراق

29/11/2021     ژمارەی بینراو 126

راچڵەكین –

راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عیراق، ئەنجامی لێكۆڵینەوە لە هێرشكردنە سەر ماڵی مستەفا كازمی ئاشكرادەكات و رایدەگەیەنێت، تائێستا هیچ لایەنێك بە ئەنجامدانی هێرشەكە تۆمەتبار نەكراوەو ئەو بۆمبانەشی لە هێرشەكە بەكارهاتوون، لەناوخۆی وڵات دروستكراون.

ئەمڕۆ 29-11-2021، قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عیراق، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا، ئەنجامی لێكۆڵینەوەی لە هێرشكردنە سەر ماڵی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق ئاشكراكرد، كە بەرەبەیانی رۆژی 7ی ئەم مانگە لەرێگەی دوو فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانەوە ئەنجامدرا.

لە كۆنفرانسە رۆژنامەوانییەكەدا، گرتەی ڤیدیۆیی ساتی هێرشەكە نمایشكراو ئەو كەلوپەلانەش خرانەڕوو كە وەك بەڵگەی تاوانەكە كاریان لەسەركراوە.
  
ئەعرەجی رایگەیاند، بەگوێرەی دەرەنجامی لیژنەی لێكۆڵینەوە، هێرشەكە كردەوەیەكی تیرۆریستی بووەو بە دوو فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان ئەنجامدراوە، كە بەشێوەیەكی راستەوخۆ ژیانی سەرۆك وەزیرانی عیراقیان كردبووە ئامانج.

وتیشی:" فڕۆكەكان راستەوخۆ بۆمبەكانیان بەرداوەتە سەر ماڵی كازمی و یەكێك لە بۆمبەكان نەتەقیوەتەوە، ئەو ماددەیەی لە تەقەمەنییەكە بەكارهاتووە، (سی فۆڕ) بووەو شوێنی فڕینی فڕۆكەكانیش ئاشكراكراون".

راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عیراق ئاماژەی بەوەشكرد كە سەرۆك وەزیران داوای بەڵگەی تەواوی سەلمێنراوی لێ كردووین، رەخنەشی تیمی پووچەڵكردنەوەی تەقەمەنی گرت كە بەباشی كاری خۆیان نەكردووە.

سەبارەت بەو لایەنەی لەپشت كردەوە تیرۆریستییەكە بووە، قاسم ئەعرەجی جەختی لەوەكردەوە كە لیژنەی لێكۆڵینەوە لە كارەكانی بەردەوامەو تائێستا هیچ كەس و لایەنێك بەئەنجامدانی هێرشەكە تۆمەتبار نەكراوە.

راشیگەیاند: لێكۆڵینەوەكە بەشێوەیەكی بێ لایەنانە بەردەوامەو دووریشە لەهەر دەستوەردانێك و پشتیشی بەهیچ لایەنێكی بیانی نەبەستووە، پێویستیمان بەكاتی زیاتریش هەیە بۆ ئاشكراكردنی لایەنی تۆمەتبار.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن