مەسیحییەكانی دهۆك داوای دادپەروەری و گێڕانەوەی مافەكانیان دەكەن

کوردستان

01/12/2021     ژمارەی بینراو 296

راچڵەكین-

پێكهاتەی مەسیحی لەپارێزگای دهۆك داوا دەكان هاوشێوەی پێكهاتەكانی تر مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت و مافەكانیان بۆ دەستبەربكرێت.

نینۆس عۆدیشۆ، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك لەپشكی مەسیحییەكان دەڵێت، وەك پێكهاتەی مەسیحە ژمارەیەك داواكاریان هەیەو چەند دۆسێیەكی هەڵپەسێردراویان هەیە كە چەندین ساڵە داوای چارەسەركردنی دەكەن بەڵام تائێستا هیچیان بۆ نەكراوە.

وتیشی، یەكێك لەو پێشێلكاریانەی ئەنجامدراون، دەستبەسەرداگردتنی زەوی و موڵك و ماڵیان و، ئەنجامدانی پێشێلكاریە بۆسەر گوندی مەسیحییەكان لەپارێزگای دهۆك، بۆ ئەوەش حسابی زۆرینەو كەمینە كراوەو ئەوانەی ئەو پێشێلكاریانەیان كردووە دەستڕۆیشتوون و وەك زۆرینە ئەو رەفتارانە دەكەن بەرامبەر مەسیحییەكان كە وەك كەمینە سەیر دەكرێن.

عۆدیشۆ ئەوەی روونكردەوە، كۆچی بەردەوامی مەسیحییەكان بەهۆی ئەو گرفتانەی دێتەڕێیان و نەبوونی خزمەتگوزاری بۆ ئەو گوندانەی كە تێیدا دەژین دوو سەرەكیترین گرفتن كە رووبەڕووی ئەو پێكهاتەیە دەبێتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، گرفتی سێیەم كە رووبەڕووی مەسیحییەكانی دهۆك دەبێتەوە ئەو هاوبەشەراستەقینەیەیە كە باسی دەكەن، لەئێستادا كورسییەكانی ئەنجوومەنی پارێزگا لەسەر بنەمای رازیكردن دەدرێت بەمەسیحییەكان، ئەوەش شتێكە قبوڵكراو نییە، لەبەرئەوەی پێویستە پێدانی كورسییەكان لەسەر بنەمای نوێنەرایەتی راستەقینە بێت نەك تەنها ژمارەبێت وەك هەموو پێكهاتەكانی تر.

پێشتر، ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك لەپشكی مەسیحییەكان رایگەیاندبوو: "بە بەڵگەوە لامانە 52 گوندی مەسیحییەكان لە سنووری پارێزگای دهۆك داگیر كراون لە لایەن بەرپرسانی حكومی و حزبی و خەڵكانی نزیك لەوان".

وتیشی: "لە هەوڵەكانمان بەردەوامین لانیكەم كە زەوییەكانیش ناگەڕێننەوە خۆ دەبێت قەرەبووی ئەو خەڵكە مەسیحییە بكەنەوە، بەو هۆیەشەوە لە ساڵانی ڕابردوودا 75%ی مەسیحییەكانی دهۆك لە بێئومێدبوونیان چوونەتە دەرەوەی وڵات".

ساڵی 2016 دۆسیەی زەویی مەسیحییەكان ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ كراوە بە مەبەستی لێكۆڵینەوە و یەكلاییكردنەوەیان، بەڵام تا ئێستا هەنگاو نەندراوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن