راچڵەكین-
وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاند، لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوودا، ٩٨ ملیۆن و ١٩٢ ھەزار و ٣١٧ بەرمیل نەوت ھەناردەكراوە كە كۆی داھاتەكەی گەیشتووەتە، حەوت ملیار و ٥٩٠ ملیۆن دۆلار.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێكدا پشت بەستن بە ئاماری كۆتایی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (SOMO)، بڕ و داھاتی فرۆشی نەوتی بۆ مانگی تشرینی دووەمی رابردوو، بڵاوكردەوە.
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەدراوە، كۆی نەوتی ھەناردەكراو لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوودا، ٩٨ ملیۆن و ١٩٢ ھەزار و ٣١٧ بەرمیل نەوت بووە كە كۆی داھاتەكەی گەیشتووەتە، حەوت ملیار و ٥٩٠ ملیۆن دۆلار.
باس لەوەشكراوە كە لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوودا، بڕی نەوتی ھەناردەكراو لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، ٩٥ ملیۆن و ٨٦٠ ھەزار و ١٤٩ بەرمیل بووە و بڕی نەوتی ھەناردەكراو لە كەركووك لەڕێگەی بەندەری جەیھانی توركیاوە، گەیشتووەتە دوو ملیۆن و ٣٢ ھەزار و ٦٨٥ بەرمیل.
بەپێی راگەیەندراوەكە لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوودا، رۆژانە تێكڕا سێ ملیۆن و ٢٧٣ ھەزار بەرمیل ھەناردەكراوە.
لە راگەیەندراوەكەدا، هەروەها ئەوەیش خراوەتەڕوو كە لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوودا، یەك بەرمیل نەوت تێكڕا بە ٧٧ دۆلار و ٣٣ سەنت فرۆشراوە.