"پۆڵەندا رازی نییە شاندی پەرلەمانی کوردستان بچنە وڵاتەکەی"

کوردستان

02/12/2021     ژمارەی بینراو 373

راچڵەکین-

سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پۆڵەندا رەزامەند نییە کە شنادی پەرلەمانی کوتردستان بجێتە ئەو وڵاتە بۆ بەدواداچوون بۆ کێشەی کۆچبەران، دەشڵێت، هەرچەندە  بە ئاشکرا ناڵێت حکومەتی ئێمە ڕەزامەند نیە، بەڵام ئەو دواخستنە یەک ئاماژە دەبەخشێت ئەویش ئەوەیە کە حکومەتی پۆڵەندا بەو سەردانەمان ڕازی نییە، بەڵام نایەوێت بە ئاشکرا پێمان بڵێت".

ڕێبوار بابکەیی، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، لەبەرئەوەی حکومەتی پۆڵەندا باری نائاسایی ڕاگەیاندووە لەهەندێک شوێن ڕێگە نادات ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و لیژنە سیاسییەکان و میدیاکاران سەردانی ئەو شوێنانە بکەن بۆ ئەو مەبەستە تا ئێستا ڕەزامەندی نەداوە لەسەر سەردانەکەی ئێمە، وەک دەزانرێت ئەوە بابەتێکی سەروەرییە(سیادی)یە، تا وڵاتەکە ڕێگە نەدات ناتوانرێت سەردانی بکرێت، بەڵام ئێمە لەهەوڵەکانی خۆمان بەردەوامین ، بەردەوام قسە لەگەڵ کونسوڵی پۆڵەندا دەکەین بەڵام کونسوڵی پۆڵەندا لێرە و لەوێ هەندێک پۆزش دەهێنێتەوە هەرچەندە بە ئاشکرا ناڵێت حکومەتی ئێمە ڕەزامەند نیە بەڵام ئەو دواخستنە یەک ئاماژە دەبەخشێت ئەویش ئەوەیە کە حکومەتی پۆڵەندا بەو سەردانەمان ڕازی نیە بەڵام نایەوێت بە ئاشکرا پێمان بڵێت".

دەشڵێت:" ڕاستە ئێمە سەردانەکەمان نەکردووە بەڵام هاوکاری هەزاران کەسمان کردووە بۆ گەڕانەوە و ناونوسینییان، چ لەڕێگای نوسینگەی سەرۆکی حکومەت یا خود وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لە هەرێم، بۆ ئەوەی لە ڕێگای ئەوانەوە پەیوەندی بە بەغدادوە بکەین خۆم چەند جارێک لەگەڵ باڵوێزخانەی عیراق لە مۆسکۆ قسەم کردووە، هەروەها نوێنەرایەتیمان لە مۆسکۆ بەردەوام لەسەر هێڵن بۆ چارەسەری گرفتی پەنابەران، تا ئێستا چوار-پێنج کاروانی کۆچبەرانمان هێناوەتەوە کە پێشتر ناومان تۆمار کردوون".

ڕێبوار بابکەیی دەشڵێت:" لە خوار هەزار کۆچبەر لەوێ ماون بەڵام ئاماری دروستمان لانیە، هەرچەندە ئێستا ژمارەیەکی کەم هەن کە ئارەزوو ناکەن بگەڕێنەوە، ئێستا دەتوانم بڵێم کۆچکردن پێچەوانە بۆتەوە لە بیلاڕوسیاوە دەمێکە دەستی پێکردووە بۆ هەرێمی کوردستان".

سەبارەت بەچارەنوسی ئەو کۆچبەرانەی کە هێشتا نەگەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان، ڕێبوار بابکەیی وتی:"خۆی یەکێک لە ئامانجەکانی ئەو سەردانەی ویستمان ئەنجامی بدەین ئەوەبوو کە لەنزیکەوە لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا لە بڕۆکسل قسە بکەین، هەروەها لەگەڵ بەرپرسانی پۆڵەنداش، کە لە ڕێگای یەکێتی ئەوروپاوە فشار بکەن بۆ ئەوەی چارەنوسی ئەو کۆچبەرانە دیاری بکرێت، وە ئایا ڕۆڵی یەکێتی ئەوروپا لەم بابەتەدا چی دەبێت؟ ئایا هەر تەماشاکار دەبێت! بەڵام سیاسەتی ئێمە وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە بەهیچ جۆرێک لەگەڵ دیپۆرتکردنەوەی زۆرە ملێ نین"

"هەرکەس گرفتی ئیدارەی بۆ دروست بوو فەسڵ کرابوو بە هۆی کۆچکردنەوە، ئێستا گەڕاوەتەوە با پەیوەندی بە منەوە بکات من دێمە سەر خەت و کێشەکەی بۆ چارەسەر دەکەین" رێبوار بابکەیی وا دەڵێت.

دەشڵێت:" ئەو گەرمیەی حکومەتی عیراق هەیبوو هی پێداگری و فشاری ئێمە و حکومەتی هەرێم بوو هەر لەسەرەتاوە ئێستاش ئەگەر بزانین بابەتەکە جۆرێک لەساردی هەیە ئەوا جارێکی تر پێداگیر دەبینەوە و بەردەوام لەسەر هێل دەبین، سیاسەتی ئێمە وەک حکومەتی هەرێم ئەوەیە یەک هاوڵاتیمان مابێت و ئارەزوو بکات بگەڕێتەوە دەیهێنینەوە، هەرچەندە توانای ئێمە وەک حکومەتی هەرێم لەبەرامبەر پەرلەمان و حکومەتی عیراقی زۆر بچوکە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا توانیومانە ڕۆڵی خۆمان زۆر بە گەورەیی و بە باشی بگێڕین".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن