كۆمسیۆنی هەڵبژاردن وەڵامی پارتی دەداتەوە

کوردستان

02/12/2021     ژمارەی بینراو 240

راچڵەكین –

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، وەڵامی راگەیەندراوەكەی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی لەدەستدانی دوو كورسی هەڵبژاردن لەهەولێرو نەینەوا، دەداتەوەو رایدەگەیەنێت، هیچ بڕیارێك بۆ درێژكردنەوەی وادەی تانەدان نەدراوەو سەرۆك كۆماریش دەستوەردانی لەكاروبارەكانیان نەكردووە.

كۆمسیۆن لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ 2-12-2021 بڵاویكردەوە، وەڵامی راگەیەندراوەكەی مەكتەبی سیاسی پارتی داوەتەوە، كە تۆمەتباری كردبوون بە درێژكردنەوەی ماوەی تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردن و دەستوەردانی هەریەك لە سەرۆك كۆمارو سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری، كە بووە هۆی كەمبوونەوەی دوو كورسی پارتی لەهەولێرو نەینەوا.

لە راگەیەندراوەكەی كۆمسیۆنی بالای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراقدا هاتووە، هیچ بڕیارێك نییە بەناوی بڕیاری درێژكردنەوەی ماوەی تانەدان، بەشێویەكی یاسایی ماوەی سێ رۆژ دەرفەت درایە كاندیدەكان بۆ پێشكەشكردنی تانەكانیان، كۆمسیۆنیش بەشێوەیەكی سەربەخۆو بێلایەنانە كارەكانی دەكات و بڕیارەكانیشی بە گفتوگۆو و رەزامەندی هەموو ئەندامەكانی دەدات، كە نوێنەرایەتی سەرجەم پێكهاتەكانی گەلی عیراق دەكەن.

كۆمسیۆنی هەڵبژاردن جەختی لەوەشكردووەتەوە كە هیچ كەس و لایەنێك سەرباری پۆستەكەی، دەستوەردان لە كاروبارەكانیان ناكەن و كاریگەرییشیان بەسەر بڕیارەكانیاندا نابێت، لەوبارەیەوە روونیكردووەتەوە، نە سەرۆك كۆمارو نە سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری، بەهیچ شێوەیەكی دەستوەردانیان لەكاروباری كۆمسیۆنی هەڵبژاردن نەكردووە، بەڵكو بەپێچەوانەوە پاڵپشتی سەربەخۆیی كارەكانی كۆمسیۆن بوون دوور لەهەر گوشارێكی لایەنەكان.

راگەیەندراوەكەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، لەوەڵامی ئەو راگەیاندراوە دێت كە مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان دەریكرد بەهۆی لەدەستدانی دوو كورسی هەڵبژاردن لەهەردوو پارێزگای هەولێرو نەینەوا لە بەرژەوەندی یەكێتی، راشیگەیاندبوو، بڕیاری سیاسی و دەستێوەردانی سەرۆك كۆمار و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، ماوەی تانە لێدانەكان بە نایاسایی درێژكرایەوە، بەمەبەستی دەستكاری ئەنجامەكان لەبەرژەوەندی ھەندێك لایەنی دیاریكراو.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن